بەهۆی وێنەی رووتی دەستکردەوە؛ بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە 'گرۆک'ـی ئیلۆن ماسک دەکات

13-01-2026
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری میدیای بەریتانیا (ئۆفکۆم) بە فەرمی لێکۆڵینەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) دەستپێکرد؛ هۆکارەکەشی دروستکردنی وێنەی سێکسیی ساختەی ژنان و منداڵانە لەلایەن ئامرازی زیرەکیی دەستکردی 'گرۆک'ـەوە.
 
بڕیارەکەی ئۆفکۆم دوای ئەوە دێت، دەرکەوتووە تایبەتمەندیی دروستکردنی وێنە لە چاتبۆتە زیرەکەکەی 'گرۆک' (Grok) بۆ بەرهەمهێنانی وێنەی سێکسیی ساختەی قووڵ (Deepfake) بەکارهاتووە، ئەوەش لەرێگەی نووسینی فەرمانی سادەوە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە.
 
ئۆفکۆم لە راگەیێندراوێکدا دۆخەکەی بە "جێگەی نیگەرانیی قووڵ" وەسفکردووە و هۆشداری دەدات لەوەی وێنە رووتەکانی خەڵک کە بەبێ رەزامەندی دروستکراون، "رەنگە ببنە دەستدرێژیی سەر وێنەی تایبەت یان پۆرنۆگرافی و وێنە سێکسییەکانی منداڵان، تەنانەت ئەگەر ساختەش بن."
 
رێکخەری میدیای بەریتانیا ئاشکرای کردووە، رۆژی 5ی کانوونی دووەم پەیوەندییان بە تۆڕی ئێکسەوە کردووە و داوای روونکردنەوەیان کردووە لەسەر پاراستنی بەکارهێنەرانی بەریتانیا لەم ناوەڕۆکە زیانبەخشانە. ئێستاش لێکۆڵینەوە دەکەن بزانن ئایا ئێکس "پابەندی ئەرکە یاساییەکانی بووە" بەپێی یاسای سەلامەتیی ئۆنلاین یاخود نا.
 
بەپێی یاسای بەریتانیا، ئۆفکۆم دەسەڵاتی هەیە سزای دارایی بەسەر کۆمپانیاکەدا بسەپێنێت کە دەگاتە 18 ملیۆن پاوەند یان 10٪ی کۆی داهاتی جیهانیی کۆمپانیاکە.
 
لە وەڵامی رەخنەکاندا، 'گرۆک' لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا سیاسەتێکی نوێی پەیڕەو کرد و رایگەیاند، بەکارهێنانی ئامرازەکە "تەنیا بۆ بەشداربووە پارەدەرەکان سنووردار کراوە."
 
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە تووندی رەخنەی لەو بڕیارەی ئێکس گرت و بە "نەبوونی چارەسەر" و سووکایەتیکردن بە قوربانییان ناویبرد.
 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەکان دژی ئامرازەکەی ئیلۆن ماسک فراوانتر بوون، ئیندۆنیزیا: رۆژی شەممە بووە یەکەم وڵات دەستڕاگەیشتن بە ئامرازەکەی قەدەخە کرد. مالیزیا رۆژی یەکشەممە هەمان هەنگاوی گرتەبەر. کۆمیسیۆنی ئەورووپاش رایگەیاندووە چاو بەو سکاڵایانەدا دەخشێنێتەوە کە لەسەر گرۆک تۆمارکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نموونەیەک لەو ترێندەی وێنە دەکاتە کاریکاتێر.

ئەگەر بە ژیریی دەستکرد کاریکاتێری خۆتت دروست کردووە، ئاگاداری ئەم چەند خاڵانە بە

ئەندروو گریفن، نووسەری تەکنەلۆجیا دەڵێت، ئەو شەپۆلە نوێیەی دروستکردنی کاریکاتێر بە ژیریی دەستکرد کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، تەنیا بۆ سەرگەرمی نییە، بەڵکو بیرخەرەوەیەکی ترسناکە لەوەی کە ژیریی دەستکرد چەند زانیاری لەسەرمان هەیە.