رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دەڵێت، جەنگی غەززە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر کەسی سڤیل و ئاماژە بەوەش دەکات، وەڵامی ئیسرائیل بۆ حەماس زێدەڕۆیی تێدا کراوە.
رۆژی سێشەممە، 13ـی شوباتی 2024، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، رۆما "بە تووندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و تەلئەڤیڤ مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا باسی لە وەڵامی ئیسرائیل کرد و گوتی، "لەم خاڵەدا کاردانەوەی ئیسرائیل دژی هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی لە سنوور دەرچووە. ژمارەیەکی زۆر کەسی سڤیل بوونەتە قوربانی کە هیچ پەیوەندییەکییان بە حەماسەوە نەبووە".
بەڵام وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەوەشی راگەیاند، پێی وانییە ئیسرائیل جینۆسایدی لە کەرتی غەززە ئەنجام دابێت.
لە چەند مانگی رابردوودا چەندین وڵات رەخنەی ئەوەیان لە ئیسرائیل گرتووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە غەززە زێدەڕۆیی تێدا کراوە و بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی سڤیل گیان لەدەستبدەن.
رۆژی 29-12-2023، ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا، بە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە، سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد.
ئەفریقای باشوور لە سکاڵاکەیدا ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتبار کردبوو و ئاماژەی بەوە دابوو، "کردەوەکانی ئیسرائیل ئامانجدار بوون و مەبەست لێیان لەنێوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی و رەگەزی فەلەستینییەکان بووە".
رۆژی 26-1-2024، دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە لاهای لەبارەی سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور گوتی، "دەبێت ئیسرائیل هەموو رێوشوێنێک بگرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرێکی تاوانی جینۆساید".
زیاتر لە چوار مانگە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 28 هەزار و 473 هاووڵاتی فەلەستینی لە جەنگەکەدا کوژراون.
ئامارەکانی ئیسرائیلیش ئەوە دەردەخەن، هەزار و 200 هاووڵاتی ئیسرائیل لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ