فەرەنسا: یەکێتیی ئەورووپا بەخێرایی کار بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر سووریا دەکات

13-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، یەکێتیی ئەورووپا بەخێرایی هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی سزاکانی سەر سووریا کەمبکاتەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە، کۆنفڕانسێکی تایبەت بە سووریا لە پاریس بەڕێوەدەچێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 13-02-2025، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس، لە کۆنفڕانسێکی تایبەت بە سووریا رایگەیاند: "لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانمان کار بۆ ئەوە دەکەین بە خێرایی سزا ئابوورییەکانـی [ سەر سووریا] لابەرین."
 
قسەکەی بارۆ دوای ئەوە دێت، مانگی پێشوو وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییە 27 ئەندامەکەی ئەورووپا رێککەوتن سزاکانی سووریا کەمبکەنەوە و لە کەرتی وزەوە دەستپێبکەن.
 
سووریا لە 2011ـەوە بەدەست شەڕی  ناوخۆوە دەیناڵاند، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.
 
ئێستا ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریایە، هەر لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی، تیمەکەی داوایان لە ئەورووپا و ئەمریکا کردووە سزاکانی سەر سووریا لابەرن، بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان هەبێت سووریا ببووژێننەوە؛ بەڵێنیشیان داوە مافی نەتەوە و کەمینەکان بپارێزن.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە پاریسە و بەشداری لە کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکە کردووە. لە دوای سەردانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە سویسرا، ئەمە دووەم سەردانی شەیبانییە بۆ ئەورووپا.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا؛ هەریەک لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتانی کەنداو، تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفڕانسەکە ئامادە دەبن.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی سووریا لە کۆنفڕانسەکە گوتی: "پێویستە پرۆسەی راگوزەریی سووریا بە ویستێکی زۆری بەزاندنی داعشەوە بکرێت. نابێت میلیشیاکانی ئێران بگەڕێنەوە سووریا و پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بخرێنە نێو سوپای سووریاوە."
 
ماکرۆن لەبارەی هەسەدەوە گوتی: "ئێمە قەرزاری هێزەکانی سووریای دیموکراتین و نابێت وازیان لێبهێنین."
 
لەوکاتەوەی شەرع بووەتە سەرۆکی کاتیی سووریا، حکومەتە رۆژئاواییەکان نیگەرانی مافی ژنان و کوردەکانی سووریان.
 
دوێنێ چوارشەممە شەیبانی گوتی، لە مانگی داهاتوو حکومەتێکی نوێ دەستبەکار دەبێت، بەڵێنیدا حکومەتەکە هەموو سووریاییەکان لەخۆ بگرێت و نوێنەرایەتییان بکات. 
 
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوایکرد حکومەتەکە گشتگیر بێت و گوتی: "گرنگە ژنان بەشداریبکەن."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە حکومەتی بەریتانیا پلانێکی بڵاوکردەوە کە بەنیازە سزاکانی سەر سووریا کەمبکاتەوە.
 
ستێفن دۆوتی، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئەورووپا و ئەمریکای باکوور گوتی، بەریتانیا بەشێک لە سزاکانی سەر کەرتی وزە، گواستنەوە و دارایی کەمدەکاتەوە، بەڵام پێویستە پەرلەمان دانیشتن لەسەر پێشنیازەکە بکەن.
 
دوای ئەوەی لە 27-01-2025 وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر کەمکردنەوەی سزاکان رێککەوتن، شەیبانی پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و گوتی: "پێشوازیی لە راگرتنی سزاکان بۆ ماوەی ساڵێک دەکەین."
 
ئەمانە هەمووی لە دوای بڕیارێکی ئەمریکا هات کە بۆ ماوەی شەش مانگ رێگەی کردەوە نەوت و کارەبا بە سووریا بدرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە