فەرەنسا: پار 6,310 کۆچبەرمان لە نۆکەندی ئینگلیز رزگارکردووە

13-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەڵێن، لە 2024ـدا تیمە فریاگوزارییەکان، شەش هەزار و 310 کەسیان لە نۆکەندی ئینگلیز رزگارکردووە کە بەنیاز بوون بپەڕنەوە و بگەنە بەریتانیا. دەشڵێت، بەراورد بە پار 30٪ زیاترە.
 
رۆژی پێنجشەممە 13-02-2025، دەسەڵاتدارانی دەریایی شاری کالێ لە باکووری فەرەنسا رایانگەیاند، پار جگە لەو کەسانەی رزگارکران، 72 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و سێ کۆچبەریش بێسەروشوێن بوون.
 
جیاواز لەو ئامارە، هەفتەی پێشوو خاڤیەر دێلروو، کە بەڕێوەبەری نووسینگەیەکە و کار لەسەر رووبەڕووبوونەوەی کۆچ دەکەن گوتی: "پار 78 گیان لەدەستدانی کۆچبەران تۆمار کراوە."
 
لەندەن و پاریس بەڵێنیان داوە ئەو قاچاخچییانە دەکەنە ئامانج کە هەزاران یۆرۆ لە کۆچبەران وەردەگرن و بە نۆکەندی ئینگلیز بە بەلەمی بچووک دەیانپەڕێننەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی دەسەڵاتدارانی شاری کالێی فەرەنسا کە دەکەوێتە سەر نۆکەندی ئینگلیز، ساڵی 2023 قاچاخچییەکان تێکڕا بە هەر بەلەمێک 45کۆچبەریان گواستووەتەوە، ساڵی 2024 ژمارەکە بۆ 54 کۆچبەر بەرزبووەتەوە. "بۆیە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە هۆی خنکان و نەمانی ئۆکسجینەوە گیانیان لەدەستدا، زیادی کردوون."
 
کۆچبەرەکان ژنان، پیاوان و منداڵانیش لەخۆ دەگرن، کە لە کەشوهەوای سارد چارەنووسی خۆیان دەدەنە دەست بەلەمێکی بچووک.
 
چەند رێکخراوێکی تایبەت بە مافی کۆچبەرانیش دەڵێن، چاودێرییە چڕەکانی پۆلیس و پاسەوانی سنوور، کۆچبەرانیان ناچار کردووە مەترسیی زیاتر لەبەرچاو بگرن.
 
لە بڕیارێکی نوێی حکومەتی بەریتانیادا کە ئێستا پارتی کار فەرمانڕەوایەتی، هەرکەسێک پێش 10-02-2025 بە بەلەمی بچووک یان خۆشاردنەوە لەنێو ئۆتۆمبێل خۆی گەیاندبێتە وڵاتەکە، ئینجا بچێت داوای پەناخوازی بکات، چیدیکە وڵاتیانامەی پێنادرێت. پەناخوازەکان کە بە نایاسایی دەچنە ئەو وڵاتە، ئەگەر بشتوانن مافی نیشتەجێبوون بەدەستبهێنن، حکومەت وڵاتینامەیان پێنادات.  
 
ئەنجوومەنی پەنابەران رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە بە نزیکەیی 71 هەزار کەس دەگرێتەوە کە بە سەرکەوتوویی داواکاریی مافی پەنابەرییان پێشکەش کردووە، بەڵام رێگرییان لێ دەکات داوای وڵاتینامەی بەریتانی بکەن. پارێزەرێکی دیاری کۆچبەرانیش، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە.
 
ئەو پێشهاتە وەک نوێترین بەڵگە سەیر دەکرێت کە دەریدەخات حکومەتەکەی کیەر ستامه‌ر "هەڵوێستێکی تووندی" لەسەر پرسی کۆچبەران گرتووەتەبەر.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە: "هەر کەسێک لە 10ـی شوباتی 2025ـەوە داواکاری بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە پێشکەش بکات و پێشتر بە شێوەیەکی نایاسایی هاتبێتە نێو بەریتانیا، راستەوخۆ داواکارییەکەی رەت دەکرێتەوە، بەبێ گوێدانە ئەو ماوەیەی کە بەسەر هاتنە نایاساییەکەیدا تێپەڕیوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.