رووداو دیجیتاڵ
پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیش (BNP) سەرکەوتنی لە یەکەمین هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەکەدا راگەیاند، کە دوای راپەڕینەکەی ساڵی 2024ـەوە دەکرێت. بڕیارە تاریق رەحمان ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام لایەنە ئیسلامییەکان ئەنجامەکە رەتدەکەنەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە میدیا ناوخۆییەکانی بەنگلادیش بڵاویانکردووەتەوە، پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیش (BNP) توانیویەتی بەشی پێکهێنانی حکومەت کورسی بە دەست بهێنێت.
کەناڵی "جامونا"ی بەنگلادیشی بڵاویکردەوە، پارتی ناسیۆنالیست 212 کورسیی مسۆگەر کردووە. لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی "جەماعەتی ئیسلامی" 74 کورسیی بەدەستهێناوە. هەرچەندە ئەمە بەراورد بە رابردوو بۆ ئیسلامییەکان ئەنجامێکی باشە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیاندا نەبووە.
شەفیقور رەحمان، ئەمیری جەماعەتی ئیسلامی گومانی لە ئەنجامەکان هەیە و دەڵێت: "تێبینیی ناڕێکی و چەواشەکاریی زۆرمان لە ئەنجامە نافەرمییەکاندا کردووە و لە پرۆسەکە رازی نین."
میدیای فەرمیی وڵاتەکە رایگەیاندووە، بڕیارە درەنگی ئەمڕۆ هەینی، ئەنجامی کۆتایی 299 بازنەی هەڵبژاردن لە کۆی 300 کورسییەکەی پەرلەمان رابگەیێندرێت. پاشان 50 کورسیی دیکە کە بۆ ژنان تەرخانکراوە، لەسەر بنەمای پشکی پارتەکان دابەش دەکرێن.
محەممەد یونس، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند: "وڵات کۆتایی بە مۆتەکە هێنا و خەونێکی نوێی دەستپێکرد."
لەلایەکی دیکەوە شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە ئێستا لە هیندستانە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، هەڵبژاردنەکەی بە "نایاسایی و دژی دەستوور" ناوبرد.
سەبارەت بە هەڵوێستی نێودەوڵەتی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا سەرکەوتنی تاریق رەحمانی بە "مێژوویی" وەسف کرد. هاوکات هەریەک لە هیندستان و پاکستان پیرۆزباییان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کرد.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی بەنگلادیش رایگەیاند، رۆژی دەنگدان بە شێوەیەکی گشتی ئارام بووە. ئەمە لەکاتێکدایە لە کاتی بانگەشەدا بەهۆی پێکدادانی لایەنگرانی پارتەکانەوە، 5 کەس کوژران و زیاتر لە 600 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکە، دەنگدەران لە راپرسییەکدا دەنگیان بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی داوە، کە دیاریکردنی ماوەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و زیادکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار لەخۆدەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ