رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە تەلئەڤیڤ دەکات هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە بپارێزێت و دەڵێت، ئەمە "کاری ژمارە یەک"ـی ئیسرائیلە.
ئەو هەروەها جەختی کردەوە، "ئیسرائیل دەبێت یارمەتیی خەڵک بدات دەستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان بگات".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە واشنتن دی سی رایگەیاند، "کاری ژمارە یەکی ئیسرائیل بریتییە لە پاراستن و یارمەتیدانی هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە."
وەزیرە ئەمریکییەکە ئەمڕۆ پێش کۆنفرانسەکە لە کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ چەند وەزیرێک تاوتوێی گەیاندنی هاوکارییان کرد لە رێگەی ئاوییەوە بۆ غەززە.
بلینکن گوتی، "ئێمە پێشبینیی حکومەتی ئیسرائیل دەکەین کە دڵنیابێتەوە لەوەی پاراستنی خەڵکی سڤیل کاری لە پێشینەیان بێت. هەروەها کاری ژمارە یەکیان دەبێت بریتیی بێت لە گەیاندنی خەڵک بەو یارمەتییانەی پێویستیان پێیەتی".
ئەمریکا بڕیاریداوە لە غەززە بەندەرێکی کاتی دروستبکات و لە قوبرسەوە بە کەشتی خواردن و هاوکاریی مرۆیی بگەیێنێتە خەڵکی غەززە، ئیسرائیلیش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردووە.
کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی قوبرس، بەریتانیا، یەکێتیی ئەوروپا، قەتەر و ئیمارات بوو.
لەبارەی گرنگیی بەندەرەکە کە ئەمریکا دەڵێت نزیکەی 60 رۆژی پێویستە بۆ تەواوبوون گوتی، "هەر کە بەندەرەکە کەوتە کار، رۆژانە خەڵکی غەززە دەتوانن نزیکەی دوو ملیۆن ژەمە خواردنی لێ وەربگرن".
قسەکانی بلینکن لەکاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "غەززە لە لێواری قاتوقڕیدایە".
بلینکن بە ئامادەبووانی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی گوت، "بەندەرەکە تەواوکەری رێگەکانی دیکەی یارمەتییە نەک جێگرەوە. دەبێت رێگەکانی دیکەی گەیاندنی یارمەتی بەردەوام بن و بەندەرەکە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانە".
دوێنێ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن و جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوە و بۆرێل پێی راگەیاند، "ئیسرائیل، نەناردنی خواردن وەک چەكێک لە دژی خەڵکی غەززە بەکاردەهێنێت".
بلینکن ئەمڕۆ لە واشنتنەوە گوتی، "بێگومان ئیسرائیل رێگەی بە خواردن داوە بچێتە نێو غەززە بەڵکو کاری لەسەر ئەوەش کردووە دڵنیابێتەوە، کە خواردنەکە دەگاتە دەستی ئەوانەی پێویستیان پێیەتی".
ئەمڕۆ چوارشەممە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی- ئۆنروا رایگەیاند، "کۆگەیەکمان لە شاری رەفەح تەقێندراوەتەوە و چوار کەس کوژراون".
لەوبارەوە بلینکن گوتی، "ئەمریکا چاوەڕێی راستی و زانیاریی ورد دەکات لەوبارەوە پێش ئەوەی هیچ لێدوانێکی هەبێت".
لەکۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بایدن داوای لە حەماس و ئیسرائیل کرد کار لەسەر ئاگربەست بکەن بۆ راگرتنی جەنگ "بۆ چەند هەفتەیەک" و ئازادکردنی بارمتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ