بایدن: رووسیا لە ئۆکراینا ناوەستێت

13-03-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن هۆشداری دا لەوەی رووسیا لە ئۆکراینا ناوەستێت و داواشی لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی کرد کە هاوکاریی دارایی زیاتر بۆ ئۆکراینا پەسند بکات.

رۆژی سێشەممە، 12ـی ئاداری 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا و ئەندرێ دودە، سەرۆکی پۆڵەندا کۆبوویەوە.
 
بایدن لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا باسی لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کرد و گوتی، "دەبێت پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، کارێک بکەین، چونکە پۆڵەندا ئەوەی لە بیرە کە رووسیا لە ئۆکراینا ناوەستێت. پووتین بەردەوام دەبێت و ئەورووپا، ئەمریکا و هەموو جیهان دەخاتە مەترسییەوە".
 
ئەوە دووەم جارە لەم چەند رۆژەدا بایدن هۆشداری دەدات لەوەی رووسیا لە ئۆکراینا ناوەستێت. رۆژی 8ـی ئەم مانگەش بایدن لە گوتاری ساڵانەیدا کە لە کۆنگرێس پێشکێشی کرد گوتی، "هەر کەسێک وابیربکاتەوە ڤلادیمیر پووتین لە ئۆکراینا دەوەستێت، من دڵنیاتان دەکەمەوە کە ناوەستێت، بەڵام ئەگەر هاوکاریی ئۆکراینا بکەین، لە رووسیا دەباتەوە". بایدن گوتیشی، "پەیاممان بۆ پووتین ئەوەیە کە ئێمە ناکەوین؛ من ناکەوم ."
 
هەر رۆژی سێشەممە، بایدن رایگەیاند، کە پاکێجێکی هاوکاری بەبڕی 300 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینا دەنێرن کە خۆی لە هاوکاریی سەربازی دەبینێتەوە. 
 
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەورووپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن.
 
بەگوێرەی وێبسایتی ڤیژواڵ کاپیتاڵیست، لە 23ـی مانگی سەرەتای جەنگی ئۆکراینا و رووسیادا بە بەهای 230 ملیار دۆلار هاوکاری گەیێندراوەتە ئۆکراینا کە 70٪ـی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە دابینکراوە. 
 
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی. 
 
لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد. بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون. 
 
بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەردەم پەرلەمانی کۆریای باشوور دوای کشانەوەی هێزەکان. وێنە: AFP

کۆریای باشوور باری نائاسایی لە وڵاتەکە هەڵگرت

ئێوارەی سێشەممە، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار، بەوەش سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد.