جیهان
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی دابەزینی لە فڕۆکە لە بنکەی هێزی ئاسمانیی دۆڤەر لە دیلاوەر، 12-4-2024، وێنە: SAMUEL CORUM / AFP
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا زوو کۆتایی بە پشووی هەفتانەی بهێنێت و بگەڕێتەوە کۆشکی سپی بۆئەوەی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن.
پێنتاگۆن لە دژی هەر هێرشێکی ئێران "پشتیوانیی تەواو" بۆ ئیسرائیل دووپات دەکاتەوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکاش سەرکۆنەی ئێران دەکات لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک کە خاوەنەکەی ئیسرائیلییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە هەڵچوونی بەردەوامدان. سەرۆکی ئەمریکا بۆ پشووی هەفتە چووبووە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە ویلایەتی دێلاوێر.
رۆژی شەممە، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بۆ گفتوگۆی بەپەلە لە بارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرۆک دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی."
ناوچەکە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل دژی یەکدی، بە بارگرژی و ناڕوونیدا تێدەپەڕێت. ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرئیل دەکات لە تۆڵەی هێرشەکەی یەکی نیسان بۆ سەر کۆنسوڵخانەکەی لە دیمەشق کە بووە هۆی کوژرانی حەوت پاسدار کە دووانیان فەرماندە بوون.
هەر لە رۆژی شەممە، پێنتاگۆن رایگەیاند: "ئەمڕۆ، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا قسەی لەگەڵ یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی هەڕەشە هەرێمییە گەرمەکان لەگەڵیدا تاوتوێ بکات و پشتیوانیی نەگۆڕی ئەمریکای بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل دووپاتکردەوە."
پێنتاگۆن هەروەها دەڵێت، ئۆستن بۆ گالانتی "روونکردەوە کە ئیسرائیل دەتوانێت پشت بە پشتیوانیی تەواوی ئەمریکا ببەستێت بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل دژی هەر هێرشێکی ئێران یان هێزە بەوەکالەتە هەرێمییەکانی."
بایدن رۆژی هەینی گوتی، پێشبینی دەکات ئێران "زوو" تۆڵەی بکاتەوە، پێش ئەوەش گوتبووی، تاران "هەڕەشەی هێرشێکی گەورە دەکات."
رۆژی پێنجشەممە، پێنتاگۆن باسی لەوە کردبوو، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل هەڕەشە ئەمنییەکان تاوتوێ بکەن.
لە دوایین پێشهاتدا، رۆژی شەممە، کەشتییەکی بازرگانی کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی ئیسرائیلییە لە نزیک گەرووی هورمز لە لایەن هێزی کۆماندۆی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.
رۆژی شەممە، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دا، "بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی هەڵکشانی زیاتری دۆخەکەی لە ئەستۆی ئێراندایە."
ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکاش سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی ئێرانی کرد.
ئەدریێن واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە رۆژی شەممە لە زنجیرە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان "بە تووندی" سەرکۆنەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی MSC AIRES دەکەن کە هەڵگری ئاڵای پۆرتوگالە و لە لایەن بەریتانیاوە خاوەندارێتیی دەکرێت، گوتیشی: "داوا لە ئێران دەکەین کەشتییەکە و دەستەی کەشتیوانە نێودەوڵەتییەکانی دەستبەجێ ئازاد بکات."
ئەدریێن هەروەها گوتی: "دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی سڤیل پێشێلکاریی زەقی یاسای نێودەوڵەتییە و کردەوەیەکی چەتەگەریی سوپای پاسدارانی ئێرانە" کە لە لایەن ئەمریکاوە بە "رێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی" پۆڵێنکراوە.
زیادبوونی ئەم گرژیانە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە زیاتر لە شەش مانگە بەردەوامە و بووەتە هۆی وێرانبوونی کەرتی غەززە و گیانلەدەستدانی زیاتر لە 33 هەزار و 600 فەلەستینی و برینداربوونی 76 هەزار و 200ی دیکە.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250ی دیکە بە بارمتە گیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ