رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی ئۆکراینا یاسایەکی نوێی بۆ سەربازیی پەسند کرد. یاسا نوێیەکە حکومەت ناچار دەکات پڕۆسەی بە سەربازیکردن فراوانتر و ژمارەی سەربازەکانی زیاتر بکات، بەوەش یارمەتیی ئەو سەربازانە دەدات کە لە جەنگدان، پشوویەک وەربگرن.
کۆستیانتین، سەربازی ئۆکراینییە و لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت، "من ئێستا لە ریزی سوپادا خزمەت دەکەم، بەدڵنیاییەوە دەمەوێت سەربازەکانمان تۆزێک لە ئەرکەکەیان پشوو بدەن، چونکە 36 مانگە لە جەنگدان. ئێمە هیچ شتێکی دیکەمان ناوێت جگە لەوەی تۆزێک پشوو وەبگرین."
هەفتەی رابردوو، ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی کەمیی سەرباز و پێدانی دەرفەت بە هاووڵاتییان بۆ بوونە سەرباز، تەمەنی چەکدارکردنی هاووڵاتییانی لە 27 ساڵییەوە کردە 25 ساڵ.
بەگوتەی بەرپرسانی ئۆکراینا، بڕیارەکە دەبێتە هۆی زیادبوونی نزیکەی 50 هەزار بۆ سوپا.
لە کۆتایی ساڵی رابردوو، زیلینسکی رایگەیاندبوو، سوپاکەی پێویستی بە 500 هەزار سەربازی دیکەیە تاوەکو بتوانن، لە بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان بەردەوام بن.
ڤڵادیسلاڤ کەرکوشێڤسکی، سەربازی ئۆکراینی دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە بەسەربازیکردنی خەڵک گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی پێشتر لە ریزی سوپادا بوون ماندوو بوون. من چەندین هاوڕێم هەیە کە ئێستا لە بەرەکانی جەنگدان، ماندوو بوون و دەیانەوێت تۆزێک پشوو بدەن. دەبێت رێگە بەو کارە بدرێت کە سەربازەکان پشوو وەربگرن و ئەوەش گرنگترین شتە."
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاندووە نزیکەی ملیۆنێک سەربازیان هەیە کە 300 هەزاریان لە سەنگەرەکانی شەڕن.
مانگی رابردوو، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا لە شوباتی 2022یەوە، 31 هەزار سەربازیان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمریکا رایگەیاندووە نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ