لە نایجیریا کچێک بەهۆی نووسینێک لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، سووتێنرا

13-05-2022
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کچە کریستیانێک لە نایجیریا بەهۆی نووسینێکیەوە لەبارەی پێغەمبەری ئیسلامەوە، لەلایەن چەند قوتابییەکی موسڵمانەوە بەردبارانکرا و  پاشان سووتێنرا.
 
دیبۆرا ساموائێل، قوتابی پەیمانگەی "شیخو شاجاری گاری" لە شاری سوکوتوی باکووری رۆژئاوای نایجیریا، لەلایەن دەیان قوتابییە موسڵمانی پەیمانگەکەوە بەردبارانکراو پاشان سووتێندرا.
 
سنوسی ئەبوبەکر، گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند: "رۆژی پێنجشەممە،12-5-2022، لەدوای ئەوەی ساموائێل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی واتسئەپ بابەتێكی نووسیوە کە لەلایەن قوتابییە موسڵمانەکانەوە بە سووکایەتیکردن بە محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام، لێکدراوەتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەک قوتابی موسڵمان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی مانەوەی کچە کریستیانەکە و سەرباری بوونی پاسەوانەکان، بە زۆر دەرهێنراوە و بە هەموویانەوە بەردبارانیان کردووە؛ پاشان تەرمی کچەکەیان بە  تایەری ئۆتۆمبێل و  پلاستیک بە دەم گوتنەوەی "ئەڵڵاهو ئەکبەر" سووتێنراوە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی شاری سوکوتو راشیگەیاند: "لەدوای بڵاوبوونەوەی نووسینەکە، دەیان قوتابی بە تووڕەیی چوونەتە بەردەم ژووری پاسەوانانی پەیمانگەکە کە کچە کریستیانەکەیان تێدا شاردبووەوە بەمەبەستی پاراستنی، بەڵام قوتابییە موسڵمانە تووڕەکان بە زۆر کچەکەیان لە دەستی پاسەوانەکان دەرهێناوە و بە هەموویانەوە  بەردبارانیان کردووە و دواتر سووتاندوویانە".
 
بابانگیدا، یەکێکە لە قوتابییانی پەیمانگەکە بە پۆلیسی گوتووە، کچە کریستیانەکە نووسینێكی لەبارەی پێغەمبەری ئیسلام لەسەر گرووپی واتسئەپی کۆمەڵێك قوتابیی موسڵمان بڵاوکردووەتەوە، کە هەموویان بینیویانە.
 
هەندێ گرتەی ڤیدیۆیی لە سۆشیالمیدیا بڵاوبوونەتەوە، کە تێیدا کچە کریستیانەکە بە جلوبەرگێكی رەنگ پەمەیی بە کوژراوی دەردەکەوێت، هەروەها قوتابییە تووڕەکانیش دەردەکەون، کە بەرد دەگرنە تەرمی کچەکە کوژراوەکە، پاشان بە دەم گوتنەوەی (ئەڵڵاهو ئەکبەر) بە تایەی ئۆتۆمبێل تەرمەکەی دەسووتێنن.
 
نایجیریا دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئەفریقیا، لە کۆی 200 ملیۆن دانیشتووانەکەی، نیوەیان موسڵمانن، زۆربەیان دانیشتووی ناوچە هەژارەکانی باکووری وڵاتن و بەشێکیان پەیڕەوی باوەڕی تووندی ئیسلامین.
 
ئەمە یەکەمجار نییە لەو جۆرە رووداوانە لە وڵاتەدا روودەدەن. ساڵی 1996 لە شاری کانوی باکووری وڵات کریستیانێک بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز، لەسەر دەستی ژمارەیەک موسڵمانی پەڕگیر کوژرا. هەروەها لە 2007دا، خانمە کریستیانێك لە ویلایەتی گۆمبی زۆرینەی موسڵمان لە باکووری رۆژهەڵاتی نایجیریا، بەهۆی "سووکایەتیکردن" بە قورئانی پیرۆزەوە، کوژرا و پاشان تەرمەکەی سووتێندرا. لە ساڵی 2016ەشدا، خانمە بازرگانێکی کریستیان تەمەن 74 ساڵ لە شاری کانووی باکووری نایجیریا، لەسەر سووکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام، کوژرا و سووتێنرا،
 
لە ساڵی 2021دا، پیاوێک لە ویلایەتی باوچی باکووری نایجیریا، لەسەر سووکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام، سووتێندرا.
 
لە 2015دا دادگای شاری سوکوتوی باکووری نایجیریا لەسەر بنەمای سووکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ موسڵمانێك دەرکرد.
 
لە 2020دا هەمان دادگا بڕیارێکی هاوشێوەی لەسەر موسڵمانێكی دیکە بەهۆی "گوتنی قسەی نەشیاو" بە ئاینی ئیسلام دەرکرد. هەردوو بڕیارەکە هێشتا لە پێداچوونەوەدان، هەرچەندە بەشێک لە موسڵمانانی ویلایەتەکە بەڵێیان داوە بیانکوژن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فرێدریش مێرتس

فرێدریش مێرتس بە سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات هەڵبژێردرایەوە

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ساڵێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی، بە بەدەستهێنانی 91%ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، وەک سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات (CDU) هەڵبژێردرایەوە