رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گەشتێکی دیپلۆماسیی دەگمەنی بۆ ئەمریکای لاتین دەستپێکرد و لە یەکەمین وێستگەیدا لە کاراکاس گوتی، ئێران و ڤەنزوێلا "دۆستن" و "دووژمنی هاوبەشیان" هەیە.
بڕیارە رەئیسی سەردانی کوبا و نیکاراگواش بکات، کە ئەوانیش وەکو ئێران و ڤەنزوێلا، بەر سزا ئابووریەکانی ئەمریکا کەوتوون.
رەئیسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەل نیکۆلاس مادورۆی هاوتا ڤەنزوێلییەکەی گوتی: "ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەش، روانگەی هاوبەش و دووژمنی هاوبەشمان هەیە."
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: "پەیوەندیی نێوان ئێران و ڤەنزوێلا پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە، بەڵکو پەیوەندیێکی ستراتیژییە."
تاران یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییە نێوەدەوڵەتییەکانی حکومەتەکەی مادورۆ، کە ئەویش وەک کوبا و نیکاراگوا هاوپەیمانی رووسیان.
مادورۆ گوتی: "ئێران رۆڵێکی قارەمانانە دەگێڕێت وەکو یەکێک لە هێزە تازە دەرکەوتووە هەرە گرنگەکانی جیهان. پێکەوە، ئێمە نەبەرد دەبین."
رەئیسی باسی لەوە کرد، یەکێک لە هۆکارەکانی گەشتەکەی زیادکردنی قەبارەی بازرگانییە لە نێوان دوو وڵاتەکە، کە ئێستا 3 ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا و دەیانەوێت بیگەیێننە 20 ملیار لە ساڵێکدا.
دوو سەرکردەکە رایانگەیاند، 25 رێککەوتنیان لە بوارە جیاجیاکاندا، لە پەروەردەوە تاوەکو دەگاتە تەندروستی، واژۆ کردووە.
ئامانجێکی دیکەی رەئیسی بریتییە لە گەشەپێدانی هاوئاهەنگیی تەکنەلۆژی لە چوارچێوەی بەرەوپێشبردنی "پێکەوەکارکردنی ئابووری، سیاسی و زانستی" لە نێوان ئێران و ڤەنزوێلا، نیکاراگوا و کوبا.
رەئیسی پێش ئەوەی بەرەو کاراکاس بەڕێبکەوێت، بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، پێکەوەکارکردنمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە گەشەی کردووە."
ئێران و ڤەنزوێلا ئەندامی رێکخراوی ئۆپێكن، کە بووەتە چەقی گفتوگۆی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو ناسەقامگیرییەی بەهۆی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە بازاڕی وزەدا دروستبووە.
شەڕەکە وایکردووە هەوڵە جیهانییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و ئابووریی بەردەوامی ڤەنزوێلا دەستپێبکەنەوە.
ساڵی رابردوو، ئەمریکا چەند شاندێکی ناردە کاراکاس بۆ ئەوەی لەگەڵ مادورۆ کۆببنەوە. دوای ئەوەی کە گفتوگۆ لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا لە تشرینی دووەمی پار دەستیپێکردەوە، واشنتن مۆڵەتێکی شەش مانگەی بە کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی دا بۆ ئەوەی لە ڤەنزوێلا کاربکات.
ئەو وڵاتەی کیشوەری ئەمریکای باشوور، کە رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی گەورە بووەتەوە، گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانی هەیە.
سەردانەکەی رەئیسی لە دوای سەردانێکی دیپلۆماسیی مادورۆ دێت، کە حوزەیرانی ساڵی 2022 بە گەشتێکی دیپلۆماسی گەیشتە ئێران و رێککەوتنێکی 20 ساڵەی واژۆکرد بۆ کردنەوەی "بەرەی گەورە"ی پێکەوەکارکردن لە کەرتەکانی نەوت، پترۆکیمیاییەکان و بەرگری.
مانگی شوباتی ئەمساڵ، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی کاراکاسی کرد و لەگەڵ مادورۆ باسیان لە "بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیان کرد کە رووبەڕووی گوشاری دەرەکی دەبنەوە،" ئەمە وەک تاران بڵاویکردبووەوە.
ساڵی 2020، ئێران 1.5 ملیۆن بەرمیل سووتەمەنیی بۆ ڤەنزوێلا نارد لەکاتێکدا کە پاڵاوتگەکانی ئەو وڵاتە لە کێشەدا بوون. واشنتن ئەوکات ئێرانی بە شکاندنی سزاکانی سەر ڤەنزوێلا تۆمەتبار کرد.
دوایین سەرۆکی ئێران کە سەردانی کوبا و ڤەنزوێلای کردبوو، حەسەن رۆحانی بوو لە ئەیلوولی 2016. مەحموود ئەحمەدی نەژادیش دوایین سەرۆکە کە سەردانی نیکاراگوای کردبێت ،کە لە ساڵی 2007 بوو. دانیێل ئۆرتێگا، سەرۆکی نیکاراگوا، شوباتی ئەمساڵ بەرگری لە مافی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ