رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دڵنیا نییە لەوەی ئایا لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ماوە یان نا.
ترەمپ بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، پێشبینی ناکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جەنگێکی هەرێمی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروست بێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا پێشوەخت "هەموو شتێکی" لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەزانی.
ترەمپ گوتیشی: "هەوڵم دا ئێران لە شەرمەزاری و مەرگ بپارێزم."
سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە هێشتا کار لە کار نەترازاوە و ئێران دەتوانێت رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی واژۆ بکات.
بڕیاربوو رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئەمریکا و ئێران شەشەم گەڕی دانوستاندنیان بکەن. ترەمپ دەڵێت، ئەمریکا هێشتا ئامادەیە بۆ کۆبوونەوەکە، بەڵام دڵنیا نییە ئێرانییەکان بەشدار بن.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی چڕ بۆ سەر چەند پارێزگایەکی ئێران کرد و لە تارانەوە دەستی پێکرد. تاوەکو ئێستا هێرشەکان بەردەوامن.
دیارترین ئەو بەرپرسە سەربازییانەی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران کوژران:
حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران
محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران
ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران
غولام عەلی رەشید، فەرماندەی خاتەمولئەنبیا
فەرەیدوون عەباسی داڤانی، زانای ئەتۆمی و سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران
محەممەد مەهدی تەهرانچی، زانای ئەتۆمی و سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە تاران
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەیلوولی پارەوە بڕیاری دابوو هێرش بکەنە سەر ئێران و نیسانی ئەم ساڵیان بۆ هێرشەکە دیاریکردبوو، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک، هێرشەکەیان دواخست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ