رووداو دیجیتاڵ
دوای هێرشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان دابەش بوون؛ لە کاتێکدا سعودیە و ژاپۆن بە تووندی هێرشەکەیان سەرکۆنە کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی و داوای دانبەخۆداگرتنیان کرد، چینیش هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییانی و ئەمریکاش خۆی لە رووداوەکە بێبەری دەکات.
کاردانەوەکان چین؟
سعودیە
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە "سەرکۆنەی تووندی" هێرشەکەی کرد و بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئیسرائیل" و "پێشێلکارییەکی روونی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان" وەسفی کرد، کە "سەروەری و ئاسایشی" ئێران دەخاتە مەترسییەوە.
ژاپۆن
تاکیشی ئیوایا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، وڵاتەکەی "بە تووندی" هێرشەکان سەرکۆنە دەکات و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دانبەخۆیاندا بگرن.
نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "هەر جۆرە زیادبوونێکی گرژیی سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرکۆنە دەکات" و داوای لە هەردوو لا کرد دانبەخۆیاندا بگرن.
ئوسترالیا و نیوزیلاندا
نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی. پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، گوتی: "بەم گرژییانە دڵگرانین."
کریستۆفەر لۆکسن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاندیش، هێرشەکەی بە "پێشهاتێکی زۆر نەخوازراو" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، کە ئێستا چارەنووسیان نادیارە، "باشترین رێگەی پێشکەوتن" بوون.
چین
باڵیۆزخانەی چین لە ئێران دۆخەکەی بە "سەخت و ئاڵۆز" وەسف کرد و داوای لە هاووڵاتییانی کرد لە ئیسرائیل، زیاتر ئاگاداریی خۆیان بن و خۆیان لە شوێنە هەستیار و قەرەباڵخەکان بەدوور بگرن.
ئەمریکا
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئەمریکا بەشداریی لە هێرشەکاندا نەکردووە و "کاری لەپێشینەمان پاراستنی هێزە ئەمریکییەکانە لە ناوچەکەدا."
ئەم هەڵوێستە نێودەوڵەتییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ.
دەستپێکردنی وەڵامی ئێران
لە نوێترین پێشهاتدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران یەکەم شەپۆلی وەڵامدانەوەی بە ناردنی زیاتر لە 100 درۆن بۆ ئیسرائیل دەستپێکرد.
قەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل
ئەمە دوای هێرشە بەرفراوانەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆی ئیسرائیل دێت. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 200 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان کردووە و زیاتر لە 100 ئامانجیان پێکاوە. هێرشی سەر تاران لەدوای شەڕی ئێران-عێراقەوە بە گەورەترین هێرش دادەنرێت.
زیان و هەڕەشەکان
هێرشەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی فەرماندە باڵاکانی هێزی چەکداری ئێران؛ لەنێویاندا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران.
زیانە سڤیلەکان: میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لانیکەم 50 کەس لە تاران بریندار بوون. لە قەسری شیرینیش کوژراو و بریندار هەن.
هەڕەشەکانی ئێران
عەلی خامنەیی و سوپای پاسداران هەڕەشەی "سزای سەخت" دەکەن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران و هێزە چەکدارەکانیش بە فەرمی ئەمریکا بە هاوکاریکردن و "بەرپرسیار" لە دەرەنجامەکانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
داخستنی ئاسمان
ئاسمانی ئێران، عێراق، ئیسرائیل و ئوردن داخراون. ئوردن هۆشداریی داوە کە نابێت ئاسمانەکەی ببێتە گۆڕەپانی جەنگ.
نیگەرانییەکان؛ نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
هەڵوێستی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکە بووە، بەڵام ئیدارەکەی بە تووندی هەر جۆرە بەشدارییەکی لە هێرشەکەدا رەتکردووەتەوە. ناکۆکیی سیاسیش لە واشنتن لەسەر دۆخەکە قووڵتر بووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هێرشەکەی ئێران "چاوەڕوانکراو" بووە و "چاوەڕێی وەڵامی ئێرانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ