بایدن: ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ، جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت

13-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، رووسیا هەر لە ئێستاوە "جەنگی" ئۆکراینای دۆڕاندووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر ئێستا ئۆکراینا ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ، جەنگی جیهانیی سێیەم هەڵدەگیرسێت.
 
لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ رووسیا لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا نەوەستان و بەرپرسانی مۆسکۆ هۆشداری دروستبوونی جەنگی ئەتۆمییان دا، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هیچ ئەگەرێکی راستەقینە نییە ڤلادیمیر پووتین چەکی ئەتۆمی بەکاربێنێت و جەختیشیکردەوە کە جەنگەکە بۆ چەندین ساڵ درێژە ناکێشێت.  
 
بایدن هەروەها لە سەردانەکەیدا بۆ فینلاند کە ئەندامی نوێی هاوپەیمانیی ناتۆیە، باسی لەوە کرد کە ئۆکرایناش لە داهاتوودا دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانییەکە، وێڕای ئەوەی کە سەرکردەکانی ناتۆ لە لووتکەی دوو رۆژی رابردوویاندا نەیانتوانی کاتی بە ئەندامبوونەکە دیاری بکەن. 
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ سۆلی نینیستۆی سەرۆکی فینلاند، بایدن ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی، "پووتین هەر لە ئێستاوە جەنگەکەی دۆڕاندووە. پووتین کێشەیەکی راستەقینەی هەیە. هیچ دەرفەتێکی نییە جەنگی ئۆکراینا بباتەوە."
 
سەرکردەکانی ناتۆ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینایان بێهیواکرد دوای ئەوەی کە لە ڤیلنیوس رایانگەیاند، جارێ کاتی بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە هاوپەیمانییەکە نەهاتووە و تەنیا "کاتێک هەلومەرج گونجاو بوو" بانگهێشتی دەکەن ببێتە ئەندام. 
 
بایدنیش جەختی کردەوە کە هەر وڵاتێک لە جەنگدا بێت، ناتوانێت ببێتە ئەندامی ناتۆ و گوتی، ئەگەر ئۆکراینا ئێستا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا "جەنگی سێیەمی جیهانی" روودەدات، بەڵام بەڵێنیشی بە کیێڤ دا کە رۆژێک دێت، دەبێتە ئەندامی ناتۆ. 
 
بایدن گوتی: "بابەتەکە ئەوە نییە کە ئایا دەبێت ببنە ئەندام یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە کەی دەبن. ئەوان هەر دێنە نێو ناتۆ."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە