رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی یەک ساڵدا سەتان هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و نایەکسانی گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەمەش بە ئەنجامێکی کارەساتبارە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن دادەنرێت.
هەژاری لە فەرەنسا بە خێراییەکی زۆر لە بەرزبوونەوەدایە و گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە، ئەمەش بەگوێرەی پەیمانگەی نیشتمانیی ئامار.
لە نێوان ساڵانی 2022 و 2023، سەتان هەزار کەس کەوتنە ژێر هێڵی هەژارییەوە، لە کاتێکدا نایەکسانی گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی؛ ئەمە بە ئەنجامێکی کارەساتبار بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا دادەنرێت، کە بەڵێنی گەڕاندنەوەی سامانی وڵاتی دابوو.
فەرەنسا پێوەرێکی رێژەیی بۆ هەژاری بەکاردەهێنێت، واتە بەگوێرەی دابەشبوونی گشتیی داهات رێژەی هەژاری دەپێوێت. هێڵی هەژاری بە گشتی بە 60%ی داهاتی مامناوەند دادەنرێت. هەر کەسێک داهاتی لە خوار ئەم ئاستەوە بێت، بە هەژار هەژمار دەکرێت.
لەنێوان ساڵانی 2022 و 2023، رێژەی هەژاری لە 14.4%ـەوە بۆ 15.4% بەرزبووەتەوە. ئەمە بەرزترین رێژەیە تۆمار کرابێت لەوەتەی پەیمانگەی نیشتمانیی ئامار لە ساڵی 1996 دەستی بە تۆمارکردنی رێژەی هەژاری کردووە.
ئەمە واتای ئەوەیە کە 9.8 ملیۆن کەس لە فەرەنسا لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، بەڵام ژمارەکە 11 ملیۆن تێدەپەڕێنێت ئەگەر هەرێمەکانی دەرەوەی وڵات و کەسانی بێ ماڵ و حاڵ، هەژمار بکرێن. تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا، 650 هەزار کەس کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
هۆکارەکانی ئەم خراپبوونە بێوێنەیە لە گوزەرانی خەڵکدا، کە دواجار دۆخەکە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا ئاوا خراپ بوو، زۆر و ئاڵۆزن.
بە گشتی، دۆخەکە رەنگدانەوەی بێتوانایی حکومەتە لە کارکردن بۆ بەرژەوەندیی چینە هەرە پەراوێزخراوەکان، کە یەکەم زیانمەندی هەڵاوسانن.
میشێل دوێ، سەرۆکی بەشی بارودۆخی ژیانی خێزان لە فەرمانگەی ئامار کە بەرپرسی ئامادەکردنی راپۆرتەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات دۆخی چینە باڵاکان باشترە "بەهۆی دۆخی باشی بازاڕی کار." خانەنشینانیش تاوەکو رادەیەک پارێزراو بوون، چونکە کەمترین مووچەی خانەنشینی لە چوارچێوەی چاکسازیی خانەنشینیدا زیادکراوە.
بەرزبوونەوەی نرخی وزە ئەنجامی خراپی بۆ هەژارترین خێزانەکان هەبووە. یارمەتییە کاتییەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی هەڵاوسان لە ساڵی 2022 کۆتایی هاتووە و نەبوونی بە شێوەیەکی بەرچاو هەستی پێدەکرێت. مانوێل دۆمێرگ، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە دامەزراوەی دابینکردنی خانووبەرە بۆ پەراوێزخراوان، دەڵێت، "بڕینی کارەبا و گاز بەهۆی نەدانی پارەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، ژمارەی ئەو کەسانەی دەڵێن لە ماڵەکانیاندا سەرمایانە نزیکەی دوو هێندە بووە و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە دەرکردنی خەڵک لە خانووەکانیان دەبینین."
ئەو خێزانانەی کە تەنیا باوک یان تەنیا دایکیان هەیە، کە زۆرینەی رەهایان ژنانێکن بە تەنیا منداڵ بەخێو دەکەن، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. رێژەی هەژارییان نزیکەی 3٪ لەنێوان 2022 و 2023 بەرزبووەتەوە، کە راستەوخۆ بووەتە هۆی زیادبوونی هەژاری لەنێو منداڵانی خوار 18 ساڵ. هەرچەندە هەندێک لە هاوکارییەکانی خێزانە تاک دایک و باوکەکان زیادکراوە، بەڵام حکومەت هیچ سیاسەتێکی درێژخایەنی پێشنیاز نەکردووە بۆ رێگریکردن لە لاوازبوونی یەکەی خێزان و زۆربوونی خێزانی تاک دایک و باوک، کە هۆکارێکی سەرەکیی هەژارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ