رووداو دیجیتاڵ
مۆسکۆ راپۆرتێکی پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی رەتدەکاتەوە کە دەڵێت، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای لە ئێران کردووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راپۆرتەکەی بە "هەڵمەتێکی قێزەونی بەسیاسیکراو" ناوبرد. وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەو راپۆرتەی بە ناونیشانی: 'پووتین داوا لە ئێران دەکات بە رێککەوتنی نەپیتاندن لەگەڵ ئەمریکا رازی بێت' بڵاوکراوەتەوە، دیارە هەڵمەتێکی دیکەی قێزەونی بەسیاسیکراوە بۆ زیادکردنی گرژی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران."
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باس لەوە دەکات، مۆسکۆ بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێت، هەروەها ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرێک کە بە دڵی هەموو لایەنەکان بێت.
وەزارەتەکە دەڵێت: "ئێمە داوا لە میدیای بەرپرسانەی جیهان دەکەین سەرچاوەی فەرمیی زانیارییەکان باس بکەن؛ بابەتەکان روون بکەنەوە و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە بەدوور بگرن."
بڕیاربوو 15ـی حوزەیران، ئێران و ئەمریکا بۆ گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکان لە عومان کۆببنەوە، بەڵام لە 13ـی حوزەیراندا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و بەو جۆرەش ئەو گەڕەی دانوستاندن هەڵوەشایەوە.
22ـی حوزەیران ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان؛ 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ