رووداو دیجیتاڵ
ناوچەی بەلقاش لە باشووری کازاخستان پێشتر نیشتیمانی ئەسپ، ئاسک و پڵنگ بوو. حکومەتی وڵاتەکە بڕیاریداوە لە رووبەرێکی زیاتر لە 415 هەزار کیلۆمەتریدا ژینگەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاژەڵانە دروست بکاتەوە.
پلانی حکومەت ئەوەیە زۆرترین جۆری ئاژەڵ بگەڕێنێتەوە ناوچەکە، بەڵام ئەوەی زیاتر مەبەستییەتی پڵنگە.
ژانسێرک ئیلوبای، جێگری بەڕێوەبەری پارکی بەلقاش دەڵێت، "پێشتر ئاسک و کەرەکێوی و چەندین جۆر ئاژەڵی دیکە لێرە هەبوون؛ ئێستا گەڕاندنەوەی بەشێک لەو گیاندارانە دەستیپێکردووە و مەبەستمانە هەموو گیاندارەکان بگەڕێنینەوە ئێرە."
بەرپرسانی پارکە نیشتمانییەکە دەیانەوێت بە هەبوونی گوێدرێژ و ئاسکەکان لە نێو پارکەکەدا سەرنجی پڵنگەکان رابکێشن تاوەکو بگەڕێنەوە ئەو ناوچەیە.
حکومەتیش پاڵپشتی تەواو لە بەرپرسانی پارکەکە دەکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات.
کانات کۆژابێکۆڤ، بەڕێوەبەری پارکی بەلقاش دەڵێت، "ئامێری تایبەتمان هەیە وەکو ئۆتۆمبێلی تایبەت بە گەڕان بەنێو دارستان، ئامێری ئاگرکوژێنەوە و چەندین جۆر پێداویستی دیکە کە وادەکات رەوشی دارستانەکە بەرەو پێشەوە بچێت و ببووژێتەوە."
ناوچەکە لە سەدەی نۆزدەیەمدا نیشتیمانیی سەرەکیی پڵنگی قەزوێنی بووە کە ژمارەیان ئەو کاتە نزیکەی 10 هەزار پڵنگ بووە، بەڵام لە نێوەڕاستی سەدەی بیستەمدا لەنێوچوون.
پلانەکەی حکومەتی کازاخستان درێژخایەنە و نزیکەی 11 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە و لە 50 ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 100 پڵنگ بباتە ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ