جۆ بایدن: ئاگربەستی غەززە رابگەیێندرێت، ئێران هێرش ناکاتە سەر ئیسرائیل

13-08-2024
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، پێشبینی دەکات کە ئێران هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل، ئەگەر ئاگربەست لە شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی رابگەیێندرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13-08-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لایەن پەیامنێرانەوە ئەو پرسیارەی لێکرا کە ئایا پێشبینی دەکات ئێران هێرش نەکاتە سەر ئیسرائیل، ئەگەر بێتو ئاگربەست لە شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس رابگەیێندرێت و رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتە و دیلەکان بکرێت؟ لە وەڵامدا بایدن گوتی، "پێشبینی من وایە" کە بەو جۆرە دەبێت.
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، ئێران رایگەیاندووە کە لە بەرامبەر هێرشەکەی رۆژی 31-7-2024 کە تێیدا ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی ئەو کاتی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کوژرا، کاردانەوەی دەبێت.
 
دوێنێ دووشەممە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن باسی لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کرد و گوتی، "دەبێت ئامادەبین بۆ ئەگەری زنجیرەیەک هێرشی بەرچاو."
 
کێربی لەبارەی کاتی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گوتی، "لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانمان هەمان پێشبینیمان لەبارەی کاتی هێرشەکە هەیە... لەوانەیە ئەم هەفتەیە بێت."
 
بەڵام ئەمریکا، میسر و قەتەر لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی بڕگەکانی تایبەت بە ئاگربەست بە راوێژکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و حەماس ئامادە بکەن.
 
شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل لە 7-10-2023 هەڵگیرسا، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەو رۆژە بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک لە غەززە.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا لانیکەم هەزار و 200 کەس کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران کە هێشتا 130یان لای ئەو گرووپە چەکدارییە ماون.
 
بە گوێرەی تەندروستی کەرتی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە 39 هەزار و 929 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.