ترەمپ: کۆبوونەوەم لەگەڵ پووتین سەرکەوتوو بێت، لەگەڵ زیلنسکیش کۆدەبینەوە

13-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا بڕیار لە رێخکستنی کۆبوونەوەیەکی دیکە بە بەشداری سەرۆکی ئۆکراینا دەدات. دەشڵێت، دەیانەوێت بە ئاگربەست گیانی خەڵکی بپارێزن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئابی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن دی سی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە  دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک پووتین پەیوەندی بە سەرۆک زیلینسکی و سەرکردەکانی ئەورووپاوە دەکەم". دەشڵێت، ئەمڕۆش پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ کردوون. 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئەگەر سەرۆک بوومایە، جەنگی ئۆکراینا رووینەدەدا". ئاماژەی بەوەش کرد، "دەتوانین بە ئاگربەست (ی جەنگی ئۆکراینا) گیانی خەڵک بپارێزین". جەختی لەوەش کردەوە، "ئەگەر کۆبوونەوەی یەکەم سەرکەوتوو بوو، کۆبوونەوەی دووەم بە سێ قۆڵی لەگەڵ سەرۆک پووتین و سەرۆک زیلینسکی دەکەم". 
 
بڕیارە رۆژی هەینی 15ـی ئاب، لە ویلایەتی ئەلاسکا کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی رووسیا بکرێت. بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، لووتکەکە لە بنکەی سەربازی ئیلمۆندۆرف ریچاردسن لە نزیک شاری ئەنکۆرەیجی پایتەختی ویلایەتی ئەلەسکا بەڕێوەدەچێت. 
 
بەشێکی دیکەی گوتەکانی ترەمپ پەیوەندیدار بوون بە سیاسەتی نێوخۆی وڵاتەکەیەوە و ئاماژەی بەوە کرد، "دیوارەکەی سەر سنوور لەگەڵ مەکسیک تەواو دەکەین". ئەوەشی گوت، "هاتنی کۆچبەرن زۆر کەمبووەتەوە و نزیکە لە سفر". 
 
یەکێک لە سیاسەتەکانی ئەم ئیدارەیەی ترەمپ رێگرییە لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەیان. بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، حوزەیرانی ئەم ساڵ 6 هەزار و 177 کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، لە کاتێکدا هەمان مانگی پار 83 هەزار و 536 کۆچبەر چووبوون. 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە