رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ئامادەکردنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و هەوڵدان بۆ پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە "هەنگاوێكی ناژیرانە" ناودەبات و دەڵێت، پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە وادەکات گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بخرێنە نێو سوپای عێراقەوە.
رۆژی چوارشەممە 13ـی ئابی 2025، سیناتۆر جەیمس ریش، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە "ناژیرانەیە. تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەگەڵ سوپای عێراق، بێ ئەوەی یەکەمجار داوای چەککردن و هەڵوەشاندنەوەیان بکرێ دەرگەی پشتەوە بۆ ئێران دەکاتەوە تاوەکو بچێتە نێو حکومەتی عێراق و سەروەرییەکەی لاواز بکات."
سیناتۆر جەیمس ریش دەڵێت: "لێرەدایە کە مەسەلەکە یەکلایی دەبێتەوە، دەبێت عێراق لەنێوان گەڕانەوە بۆ دواوە لەلایەن ئێران و داهاتوویەکی گەشتر لەگەڵ رۆژئاوا یەکێکیان هەڵبژێرێ."
رۆژی 25ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبیی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد بۆ پەسندکردنی. پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام پەرلەمانتارانی کورد و سوننە دژی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکەن.
رۆژی سێشەممە، 12ی ئاب، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند "دژایەتیی هەر پڕۆژەیاسایەک دەکەین لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنەی ئێمەدا نەگونجێ و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگەیاند: "پشتگیریی سەروەریی راستەقینەی عێراق دەکەین، نەوەک ئەو پڕۆژەیاسانەی عێراق دەکەنە وڵاتێکی پاشکۆی ئێران. بۆیە پێموایە ئێمە لەم دۆخە دیاریکراوەدا، بێگومان و لە دۆخەکانی دیکەشدا، روون بووین لەوەی کە داهاتووی گەلان دەبێت لە دەستی گەلان خۆیاندا بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ