جیهان
بەلەمێکی کۆچبەران لەکاتی پەڕینەوەی لە تونسەوە بۆ ئیتاڵیا. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تونس رایانگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو، ژێرئاو کەوت، بەوهۆیەوە چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و 21 کەسی دیکەش رزگارکران.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2023، فەوزی مەسموودی، گوتەبێژی دادگەی تونس لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، رۆژی سێشەممە بەلەمەکە لە کەناراوەکانی شاری سەفاقسی باشووری رۆژهەڵاتی تونس ژێرئاو کەوتووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی نقوومبوونی بەلەمەکە چوار کەس کە سێ منداڵ و ژنێکن، گیانیان لەدەستداوە و 21 کۆچبەری دیكەش رزگارکراون. دەشڵێت، "سەرجەم کۆچبەرە رزگارکراوەکان گواستراونەتەوە شوێنێکی سەلامەت." لەبارەی ناسنامەی کۆچبەرەکانیش، گوتەبێژی دادگەی تونس ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو کۆچبەرەکان خەڵکی تونس بوون.
دووریی نێوان دوورگەی لامپێدووسای ئیتاڵیا و کەناراوەکانی شاری سەفاقس لە تونس 130 کیلۆمەترە، ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کۆچبەرێکی زۆر لە وڵاتانی ئەفریقیاوە هەوڵ بدەن لەو رێگەیەوە خۆیان بگەیێننە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نێوخۆی تونس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 20ـی تەممووزی ئەمساڵ، تەرمی 901 کۆچبەر لە کەناراوەکانی تونس دۆزراونەتەوە و زیاتر لە 34 هەزار و 290 کۆچبەری دیکەش لە خنکان رزگارکراون، یاخود رێگەیان لێگیراوە لەو رێگەیەوە بپەڕنەوە.
رێگەی دەریای نێوەڕاست بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا دادەندرێت و بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2014ـەوە زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەری ئەفریقی لەو رێگەیەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ