ئۆکراینا یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیای پێکا

13-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی رووسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە درۆنێکی ئۆکراینی خۆی بە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیادا تەقاندووەتەوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زیانێکی کەم.

پاڵاوگەکە سەر بە کۆمپانیای نەوتی رووسیی "باش‌نەفت"ـە و دەکەوێتە پەراوێزی شاری ئوفا لە نێوەڕاستی رووسیا و نزیکەی هەزار و 400 کیلۆمەتر لە هێڵی پێشەوەی جەنگ دوورە.
 
لە ڤیدیۆییەکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت درۆنێک بەرەو دامەزراوەکە دەڕوات و پاشان دەتەقێتەوە و تۆپەڵێکی گەورەی ئاگر و دووکەڵ بەرەو ئاسمان بەرزدەبێتەوە.
 
رادی خابیرۆڤ، سەرۆکی هەرێمی باشکۆرتستانی رووسیا، لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "ئەمڕۆ دامەزراوەی باش‌نەفت رووبەڕووی هێرشێکی تیرۆریستی بووەوە کە لە رێگەی درۆنەوە کرا."
 
خابیرۆڤ گوتیشی، یەکێک لە درۆنەکان خۆی بە پاڵاوگەکەدا کێشاوە و ئەوی دیکەیان خراوەتە خوارەوە. هەروەها گوتی: "هیچ قوربانی و بریندارێک نەبووە. شوێنی بەرهەمهێنانەکە زیانێکی کەمی بەرکەوتووە و ئاگرێک کەوتووەتەوە کە لەم ساتەدا کار بۆ کوژاندنەوەی دەکرێت."
 
سەرچاوەیەک لە ئاژانسی هەواڵگریی سەربازیی ئۆکراینا (GUR) بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
لەدوای دەستپێکردنی هێرشە سەربازییە فراوانەکەی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، کیێڤ بە هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی رووسیا وەڵامی داوەتەوە، وەک هەوڵێک بۆ لێدان لە سەرچاوە دارییەکانی رووسیا. 
 
شەپۆلی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا لە ماوەی هاویندا، زیانی بە توانای بەرهەمهێنانی چەندین دامەزراوەی سەرەکی گەیاند و بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەو وڵاتە.
 
ساڵی 2016، کرێملین پاڵاوگەی ئوفای سەر بە باش‌نەفتی بە "یەکێک لە گەورەترینەکان لە وڵاتدا" ناو برد و رایگەیاند کە زیاتر لە 150 جۆر بەرهەمی نەوتی بەدەستەوە دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا