خەڵاتی ستیڤی؛ لە رۆما تاج لەسەر رووداو دەنرێت

13-10-2023
هیدایەت جان
ساتی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ و دکتۆر ئاراس برادۆستی، بەڕێوەبەری دیسکی تەندروستیی رووداو لە رۆما
ساتی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ و دکتۆر ئاراس برادۆستی، بەڕێوەبەری دیسکی تەندروستیی رووداو لە رۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی 13-10-2023 لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێکی گەورەدا خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ی ستیڤی بەخشرایە تۆڕی میدیایی رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، کە خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە؛ ئەوەش لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی لە میدیای کوردستان، ناوچەکە و جیهان دەیگێڕێت.

رێوڕەسمەکە کاژێر 19:00 بە کاتی رۆما و کاژێر 20:00 بە کاتی هەولێر لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستی پێکرد و کاژێر 21:50 خولەک بەکاتی هەولێر، دکتۆر ئاراس برادۆستی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستیی رووداو و بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ بە نوێنەرایەتیی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتەکەیان وەرگرت.

بڕوا کیانی پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی لە هەموو هاوکارانی تۆڕی میدیایی رووداو و سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد و گوتی، "بەخشینی ئەم خەڵاتە بە تۆڕی میدیایی رووداو نیشانەی ئەوەیە ئێستا میدیایەکی کوردستانی هەیە لە جیهاندا خەڵک دەیناسێت و متمانەیان پێیەتی."

 
دکتۆر ئاراس برادۆستی بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمەکەی راگەیاند، "ئەم خەڵاتە هی هەموو هاوکارانمانە لە تۆڕی میدیایی رووداو و خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستانە کە بینەری ئێمەن. ئێمە بە پاڵپشتیی ئەوان دەتوانین یەکەم بین و هەر بە پاڵپشتیی دەتوانین بەردەوام بین."
 


دکتۆر ئاراس برادۆستی گوتی، "وەرگرتنی ئەم خەڵاتە بۆ هەموو هاوکارانم لە تۆڕی میدیایی رووداو و بۆ بینەرانی ئێمەش لە هەموو کوردستان و جیهان، جێگەی دڵخۆشییە؛ بۆیە لەگەڵ ئەوەی ستیڤی خەڵاتێکی گەورەیە، بەرپرسیاریەتییەکی گەورەش دەخاتە سەر شانمان بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵ بدەین و رووداو لەو ئاستە بەرزەی ئێستا بهێڵینەوە."

 
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکاندا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە 1000 کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکاندا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەوبارەوە هەبێت.

لەنێو 12 هەزار بەربژێردا رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان" هەڵبژێردرا. لەبارەی خەڵاتەکەوە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رۆما ئاماژەی بەوە کرد، "هاوشێوەی خەڵاتی نۆبڵە."

 
ئەدریان وێڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی هەواڵی ئەوروپی - ئینێکس لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە رایگەیاند، "ئەوە سەلمێنەری پیشەگەری و ئاستبەرزیی رووداوە لە هەموو شێوازەکانی گەیاندنی بەرهەمەکانیدا."

ئەدریان وێڵز گوتی، "ئاستەنگێکی بەردەم میدیای هەواڵی لەم رۆژانەدا ئەوەیە کە چۆن بتوانن نەک تەنیا لەسەر تەلەڤزیۆن، بەڵکو لە دیجیتاڵ میدیا و  تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاربکەن. پێم وایە یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی رووداو ئەوەیە کە توانیویەتی بە باشی لەسەر هەموو ئەو سەکۆیانە کاربکات بۆ ئەوەی خزمەت بە وەرگرەکانی بکات، ئینجا بیانەوێت لەسەر ماڵپەڕەکەتان بخوێننەوە، یان بیانەوێت بابەتەکانتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببینن یانیش بە شێوەی نەریتی تەماشای تەلەڤزیۆنەکەتان بکەن."

 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئینێکس ستایشی رووداو دەکات کە توانیویەتی لە سەرجەم سەکۆکان بە دروستی و کاریگەرانە رۆڵ ببینێت و دەشڵێت، "ئەم خەڵاتە پێزانینێکی دادپەروەرانەیە بۆ ئەو کارە مەزنەی تۆڕی میدیایی رووداو دەیکات."

رۆژی دووشەممە 14-08-2023 خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بیزنس لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی ستیڤی راگەیێندران و تۆڕی میدیایی رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان،" خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ی بەدەستهێنا. رووداو لەسەر بنچینەی کاریگەری هەرسێ بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) و (بەرپرسیار) و (دکتۆر ئاراس) و فراوانیی رووماڵ و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی لە سۆشیاڵمیدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکانی دیکە خەڵاتەکەی وەرگرت. لە هەڵسەنگاندنی لیژنەی هەڵسەنگاندنیشدا هاتووە، لەبەر فراوانیی رووماڵەکانی رووداو و دەرفەتدان بە هەمووان و بەربڵاوی بڵاوبوونەوەکەی، تۆڕی میدیایی رووداو وەکو شایانی ئەو خەڵاتە دانراوە.

ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن هەروەها دەڵێن، رووداو دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و لە رێگەی تەلەڤزیۆن، پۆرتاڵ، رادیۆ و سۆشیاڵمیدیاوە بەردەوام راستگۆیانە بینەر، خوێنەر و بیسەرەکانی لە پێشهاتەکان ئاگادار دەکاتەوە.

هاوکات باڵیۆزی عێراق لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا رۆژی هەینی 13-10-2023 بەخشینی خەڵاتی جیهانی ستیڤی بە تۆڕی میدیایی رووداو بە سەربەرزییەکی گەورە ناوبرد و گوتی، "مایەی سەربەرزییە کە دەبینم لە واشنتن، برۆکسل و هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، تۆڕی میدیایی رووداو هەمیشە ئامادەیە. ئەم خەڵاتەی ئەمڕۆش پێزانینە بەوەی لای ئێمە ئازادی رۆژنامەڤانی و رادەربڕین هەیە."

سەیوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق لە رۆما بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووماڵکردنی رێوڕەسمەکەی راگەیاند، "پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەم؛ مایەی سەربەرزییە کە بۆ یەکەمجار میدیایەکی کوردستانی و عێراقی ئەم خەڵاتە وەردەگرێت."

 
سەیوان بارزانی گوتی، "رووداو لە ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتیدا کار دەکات و خزمەتێکی زۆر بە راگەیاندن و زمانی کوردی دەگەیەنێت؛ هاوکات هەواڵ و رووداوەکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بە جیهان دەگەیەنێت."

خەڵاتی ستیڤی  (Stevie Awards) خەڵاتێکی بازرگانییە. وشەی ستیڤی لە (ستیفانۆس)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە بە واتای (تاج) و (خەڵات) دێت. خەڵاتەکانی ستیڤی بە باشترینەکان لە بواری بیزنیسدا دادەنرێن و ساڵی 2002 بڕیار لەسەر دابەشکردنیان درا، ئەوەش بە مەبەستی رێزگرتن لە رۆڵ و دەستکەوتی کەسایەتی و کۆمپانیا و تۆڕە کاریگەرەکانی جیھان.

خەڵاتەکانی ستیڤی لە هەشت بواردا دابەش دەکرێن کە ئەمانەن: 

- خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی بیزنس کە بە تۆڕ و دامەزراوە نێودەوڵەتییە سەرکەوتووەکان دەدرێت

- خەڵاتی ستیڤی بیزنسی ئەمریکی کە تایبەتە بەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی لە ئەمریکا کاردەکەن.

- خەڵاتی ستیڤی بیزنسی ژنان کە تایبەتە بە رێزگرتن لە ژنانی سەرکەوتووی خاوەن کار و وەبەرهێنەر لە جیهان دا.

- خەڵاتی ستیڤی خزمەتگوزاریی کڕیار کە بە کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی دەبەخشرێت.

- خەڵاتەکانی ستیڤی بۆ ئاسیا و وڵاتانی سەر زەریای هێمن کە بە کۆمپانیا و ناوەندە داهێنەرەکانی 29 وڵاتی ئەو ناوچانە دەدرێت.

- خەڵاتی ستیڤی ئەڵمانی کە بە کۆمپانیا و تۆڕە سەرکەوتووەکانی ئەو وڵاتانە دەدرێت کە ئەڵمانی زمانێکی فەرمییە تێیاندا.

- خەڵاتی ستیڤی بۆ خاوەنکارە گەورەکان کە دەبەخشرێتە ئەو کۆمپانیا و ناوەندانەی باشترین شێوازی مامەڵەکردن، بەڕێوەبردن، رێکخستن و بەرەو پێشبردنی هێزی کاریان هەیە.

- خەڵاتی ستیڤی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە بە کۆمپانیاکانی 18 وڵاتی ئەو ناوچانە دەدرێت، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو کار و خزمەتگوزارییەی پێشکێشی دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.