دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی: بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن رووداو دەستکەوتێکی گەورەیە

14-10-2023
رووداو @Rudawkurdish
ماگی میلەر، سەرۆکی دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی
ماگی میلەر، سەرۆکی دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی رایگەیاند، بۆ دامەزراوەیەکی تەمەن 10 ساڵی وەکو رووداو، بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی "دەستکەوتێکی گەورەیە و پێویستە شانازی بە خۆیانەوە بکەن."
 
ماگی میلەر، سەرۆکی دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی لەبارەی بردنەوەی خەڵاتی ستیڤی لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە. بە بڕوای من، رووداو تاکە کۆمپانیای میدیایی عێراقە کە ئەم ساڵ یانیش بۆ یەکەمجار خەڵاتی ستیڤیی بزنسی نێودەوڵەتیی بردبێتەوە."
 
سەرۆکی دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی ئاماژەی بەوەش کرد، "بۆ دامەزراوەیەکی تەمەن 10 ساڵ[ی وەکو رووداو]، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە و پێویستە شانازی بە خۆیانەوە بکەن. هیوادارم ببینم لە داهاتوودا بە کوێ دەگەن لەدوای بردنەوەی ئەم خەڵاتە زێڕینەی ستیڤی."
 
هەر لەبارەی خەڵاتەکەوە، ماگی میلەر باسی لەوە کرد، "ئەم خەڵاتە زۆر گرنگە بۆ هەموو جۆرە دامەزراوەکانی سەرانسەری جیهان. ئێمە 21 ساڵ لەمەوبەر دەستمان بە بەخشینی ئەم خەڵاتانە کرد، بۆ بەرز نرخاندنی هەموو جۆرە دامەزراوەیەک، چ قازانج ویست بێت یان قازانج نەویست؛ کۆمپانیای میدیایی بێت یان کۆمپانیای بواری سەرچاوە مرۆییەکان، چونکە خەڵکی وەکو من و تۆ رۆژانە بە هەموو توانایانەوە کار دەکەن و زەحمەتە بەرز نرخاندنێک بۆ کارەکەیان بەدەستبهێنن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا سەرۆکی دامەزراوەی خەڵاتەکانی ستیڤی گوتی، "زۆر دڵخۆشین کە توانیومانە شتێک بکەین بۆئەوەی دامەزراوەکان هەست بکەن ئەوان تایبەتن؛ گرنگ نییە دەستکەوتەکانیان چی بن. کارێکی زۆر باشە کە هەموو کەسانی نێو بواری بازرگانی لە سەرانسەری جیهان بەرز بنرخێندرێن."
 
رۆژی هەینی 13-10-2023 لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێکی گەورەدا خەڵاتی "کۆمپانیای ساڵ"ی ستیڤی بەخشرایە تۆڕی میدیایی رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان"، کە خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە؛ ئەوەش لە بەرامبەر ئەو رۆڵەی لە میدیای کوردستان، ناوچەکە و جیهان دەیگێڕێت.
 
رێوڕەسمەکە کاژێر 19:00 بە کاتی رۆما و کاژێر 20:00 بە کاتی هەولێر لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا دەستی پێکرد و کاژێر 21:50 خولەک بەکاتی هەولێر، دکتۆر ئاراس برادۆستی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستیی رووداو و بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ بە نوێنەرایەتیی تۆڕی میدیایی رووداو خەڵاتەکەیان وەرگرت.
 
ساڵانە زیاتر لە 12 هەزار کۆمپانیا، تۆڕ و دامەزراوە لە بوارە جیاوازەکاندا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی ستیڤی بەربژێر دەکرێن. زیاتر لە 1000 کەسی پیشەیی و شارەزای بوارەکان لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی براوەی خەڵاتەکاندا بەشدار دەبن. هەموو بەربژێرەکانیش مافی ئەوەیان هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەر ئاگاداربن و زانیاری تەواویان لەوبارەوە هەبێت.
 
لەنێو 12 هەزار بەربژێردا رووداو وەکو "باشترین میدیای قەبارە مامناوەندی ساڵ لەسەر ئاستی جیهان" هەڵبژێردرا. لەبارەی خەڵاتەکەوە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رۆما ئاماژەی بەوە کرد، "هاوشێوەی خەڵاتی نۆبڵە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە