مارک ساڤایا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی

13-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان. دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2025، ساڤایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نامەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەدا، "گەلی عێراق جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بە ئازادی، سەروەریی یاسا و دامەزراوە نیشتمانییە بەهێزەکان نیشاندا."
 
نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق ستایشی هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی و کابینەی حکومەتەکەی کرد بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و لە کەشێکی ئارام و دوور لە توندوتیژیدا بەڕێوەچوو. بە گوێرەی نێردە ئەمریکییەکە، ئەمە "نیشانەیەکی روونە کە عێراق بەرەو خۆشگوزەرانی و سەروەریی زیاتر هەنگاو دەنێت."
 
نێردەی تایبەتی ئەمریکا جەختی لەسەر پابەندبوونی تەواوی ئەمریکا کردەوە بە پشتیوانیکردنی سەروەریی خاکی عێراق و حکومەتەکەی. ساڤای رایگەیاند، واشنتن "بە تەواوی پابەند دەمێنێتەوە بە پشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق، هەوڵەکانی چاکسازی و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی و میلیشیا چەکدارەکان."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، مارک ساڤایا هیوای خواست لە نزیکترین کاتدا کار لەگەڵ حکومەتی داهاتووی عێراقدا بکەن بە مەبەستی قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات. 
 
ئەو بوارانەی کە ساڤایا بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق جەختی لێ کردوونەتەوە، بریتین لە "هاوکاریی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەرەپێدانی کەرتی وزە و وەبەرهێنان، هەروەها گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام، بە ئامانجی یارمەتیدان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییەکی عێراق."
 
دەنگدانی تایبەت 09-11 و دەنگدانی گشتی  بۆ پەرلەمانی عێراق دوو رۆژ دوای ئەوە بەڕێوەچوو.
 
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 24 کاژێر دوای دەنگدانی گشتی، ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاندن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.