رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی برۆکسل ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2025، چەکدارێکی بەلجیکیی داعشی بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژی کوردانی ئێزدی تاوانبار کرد.
ئەمە یەکەمین جارە لە بەلجیکا تۆمەتبارێک لەسەر تاوانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، دادگایی بکرێ.
جیهادییەکە بێ ئامادەبوون دادگایی کرا، کە گومان دەکرێ لە ساڵی 2016 لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرابێ.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو، سامی جەدوو، چەکداری رێکخراوی پەڕگیری داعش، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە رەقەی سووریا کوژراوە.
بەڵام دەسەڵاتدارانی بەلجیکا هەرگیز پشتڕاستکردنەوەی فەرمییان بۆ کوژرانی پێنەگەیشتووە و بڕیاریاندا بە شێوەی ئامادەنەبوون دادگایی بکەن.
تاوانبارەکە هەروەها بە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی و بەکۆیلەکردنی سێکسیی ژنانی کوردی ئێزدی، بە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" بە تاوانبار ناسێندرا.
لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، دووان لە کچانی کوردی ئێزدی کە قوربانیی دەستی جەدوون، گەواهییان لەسەر نەهامەتییەکانیان دا.
ئۆلیڤیا ڤێنێت، پارێزەری سکاڵاکاران دۆسییەکەی بە "مێژوویی" بۆ بەلجیکا ناوبرد، کە ئەو وڵاتەیە بەگوێرەی رێژەی دانیشتووانەکەی زۆرترین چەکداری بیانیی چوونە نێو داعش.
پێشتریش وڵاتانی دیکەی ئەورووپا ئەو کەسانەیان دادگایی کردووە کە بە جینۆساید دژی کوردانی ئێزدی تۆمەتبارکراون.
مانگی شوباتی ئەم ساڵ، دادگایەکی سوێد ژنێکی تەمەن 52 ساڵی بە تاوانی جینۆساید بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزا دا، بەهۆی ئەوەی ژن و منداڵی کوردی ئێزدی لە ماڵەکەی خۆی لە سووریا وەک کۆیلە راگرتبوو.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2014 هەزاران ژن و کچی کوردی ئێزدی رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی، رفاندن و مامەڵەی نامرۆڤانە، لەنێویاندا بەکۆیلەکردن، بوونەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵەران، جەدوو لە ئابی 1989 لە برۆکسل لە دایکێکی بەلجیکی و باوکێکی کۆتدیڤواری لەدایکبووە، لە تەمەنی 15 ساڵیدا بووەتە موسڵمان و لە تشرینی یەکەمی 2012دا بۆ چوونە نێو ریزەکانی داعش، چووەتە سووریا.
دواتر وا گومان دەکرێ بووبێتە کەسایەتییەکی باڵا لە یەکەی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی رێکخراوەکە و ئەرکی پلاندانان بۆ هێرشەکانی ئەورووپای پێ سپێردرابێت.
لە ساڵی 2021دا بە تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی گرووپێکی تیرۆریستی، لە بەلجیکا سزای 13 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها لە دادگاییکردنێکی ساڵی 2022دا کە تایبەت بوو بە تۆڕە پشتیوانکارەکانی هێرشەکانی 13ی تشرینی دووەمی 2015ی پاریس کە 130 کوژراوی لێکەوتەوە، ناوی هاتبوو. لەو دۆسیەیەدا بە تاوانبار ناسێندرا، بەڵام هیچ سزایەکی زیندانیکردنی وەرنەگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ