هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بەرفراوان ماڵپەڕەکانی حکومەت و بەرگریی دانیمارک دەکاتە ئامانج

13-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پاراستنی سڤیلی دانیمارک دەڵێ، ماڵپەڕەکانی حکومەت و بەرگریی وڵاتەکە رووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی بەرفراوان بوونەتەوە. گرووپێکی هاککەری لایەنگری رووسیاش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
 
رۆژی پێنجشەممە، 13-11-2025، ئاژانسەکە رایگەیاند: "چەندین کۆمپانیا و ماڵپەڕی دانیمارکی بەهۆی هێرشەکانی DDoSـەوە پەکیان کەوتووە و کارەکانیان تێکچووە."
 
هێرشی (رەتکردنەوەی خزمەتگوزاریی دابەشکراو) یان (DDoS) بەهۆی قەرەباڵخکردنی سێرڤەرەکانەوە روودەدەن کە وا دەکەن دەستڕاگەیشتن بە وێبسایتەکان قورس یان ئەستەم بێت.
 
ئاژانسەکە رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی ئاژانسی هەواڵگریی سەربازیی دانیمارک "بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن."
 
گرووپێکی هاککەری لایەنگری رووسیا بە ناوی NoName057 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ماڵپەڕی دانیمارکی، لەوانەش وەزارەتی گواستنەوە و پۆرتاڵی کەرتی گشتیی (Borger.dk)، هەروەها کۆمپانیای بواری بەرگریی (تێرما) کە ئەویش پشتڕاستی کردەوە هێرشی کراوەتە سەر.
 
تۆبیاس برون-فالکێنکرۆن، گوتەبێژی کۆمپانیاکە گوتی: "ئاگادارین گرووپێکی هاککەری رووسی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ماڵپەڕی ئێمە و چەندین ماڵپەڕی دانیمارکی پەکخستووە، بەڵام هێشتا زووە بڵێین ئەوان بەرپرسن."
 
فالکێنکرۆن گوتی: "ئێمە بە باشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە ئامادەین و بە خێرایی کاردانەوەمان هەبوو. هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی رووی نەداوە و هیچ داتایەک لەدەست دەرنەچووە."
 
رۆژی چوارشەممە، هەمان گرووپی هاککەر رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین پێگەی شارەوانیی دانیمارک، ئەمەش کەمتر لە هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە دێت. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە