ئۆتۆمبێلە مۆدێل نوێیەکان سیخوڕیت بەسەرەوە دەکەن؛ چۆن خۆت دەپارێزی؟

13-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کاتێک ئۆتۆمبێلەکەت لێدەخوڕی، کامێراکان چاودێریی جووڵەت دەکەن. هەر کامێرایەک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت، چاودێریی رووخسارت دەکات، هەستەوەرەکان هەموو ئیستۆپێکی لەناکاوت تۆماردەکەن و سیستمی جی پی ئێس هەموو ئەو شوێنانە دەزانێت کە بۆی دەچیت. 
 
ئۆتۆمبێلە مۆدێرنەکان بوونەتە کۆمپیوتەری رۆیشتوو، کە جگە لە پێشکێشکردنی تایبەتمەندیی نوێ بۆ سەلامەتی و ئاسوودەیی، بەردەوام خەریکی کۆکردنەوەی داتایەکی زۆرن لەسەر شێوازی شۆفێری و زانیارییە کەسییەکانت. ئەمەش نیگەرانیی گەورەی لەبارەی پاراستنی نهێنیی زانیارییەکان دروست کردووە.
 
ئۆتۆمبێلەکەت چۆن سیخووڕی دەکات و چۆن خۆت دەپارێزی؟
 
بەگوێرەی دامەزراوەی مۆزیلای ئەمریکی، کە شیکاریی بۆ سیاسەتی نهێنیی 25 مارکەی ئۆتۆمبێل کردووە، زۆر قورسە بزانیت ئۆتۆمبێلەکەت بە وردی چەند داتا لەسەرت کۆدەکاتەوە. دامەزراوەکە دەڵێ، ئۆتۆمبێلەکان "خراپترین بەرهەمن کە تائێستا پێداچوونەوەی پاراستنی زانیاریی نهێنییان بۆ کرابێ."
 
داتاکان هەموو کارلێکە ئاساییەکانی تۆ لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەدا دەگرێتەوە، وەک سووڕاندنی سوکان، هەڵکردنی چواری یان کردنەوەی دەرگە، بەڵام هەروەها داتا لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی ناو ئۆتۆمبێل، وەک رادیۆی سەتەلایت، سیستمی جی پی ئێس، بلوتووس، هەستەوەرەکان و کامێراش کۆدەکاتەوە.
 
کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە داتا کۆدەکرێتەوە، بەڵکو ئەوەیە کە بە کێ دەدرێ، لەوانە کۆمپانیاکانی بیمە و دڵنیایی، کۆمپانیاکانی بازاڕگەری و هەندێکجار حکومەتیش.
 
ئەم کێشەیە سەرەتای ئەم ساڵ دەرکەوت کاتێک کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز بۆ پێنج ساڵ قەدەخەکرا لە ئاشکراکردنی ئەو داتایانەی لە شۆفێرەکانی کۆی کردوومەتەوە. 
 
کۆمیسیۆنی بازرگانیی فیدراڵی، کۆمپانیا ئەمریکییەکەی بەوە تۆمەتبارکرد کە پێش ناردن و بەشکردنی داتاکان رەزامەندی وەرنەگرتووە. زانیارییەکان بریتیبوون لەوەی کەی شۆفێر خێرایی زیاد و کەم دەکات، درەنگی شەو شۆفێری دەکات و چەند داتایەکی دیکەش. جەنەراڵ مۆتۆرز ئەو زانیارییانەی بە کۆمپانیاکانی بیمە و دڵنیایی دابوو، ئەوانیش داتاکانیان بۆ دیاریکردنی نرخ بەکارهێنابوو.
 
جەنەراڵ مۆتۆرز دروستکەری ئۆتۆمبێلەکانی شیڤرۆلێت، جی ئێم سی، بایک و کادیلاکە.
 
هۆشیار بە و رێکخستنەکانت بگۆڕە
 
یەکەم شت تۆی شۆفێر پێویستە ئاگاداری بیت ئەوەیە، ئۆتۆمبێلەکەت چ زانیارییەک کۆدەکاتەوە؟ 
 
پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە بزانی، هەر کە ئۆتۆمبێلێکی نوێت کڕی و هەڵت کرد، زانیارییەکانت کۆدەکرێنەوە، بەتایبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی شاشەیان هەیە کە هەندێک رێنمایی و ئاگادارکردنەوەی درێژ پیشان دەدەن، شۆفێر بەبێ ئەوەی بیانخوێنێتەوە پەنجە بە رازیم (I agree) دەنێت. زۆرجار ئەو رێنماییانە رەزامەندیت لێ وەردەگرن کە هەندێک جۆر زانیاریت لەسەر کۆبکەنەوە، تۆش بەبێ ئەوەی بیخوێنیتەوە رازی دەبی.
 
کۆمپانیای (پرایڤسی فۆر کارز) کە تایبەتە بە زانیاری و پاراستنی نهێنیی ئۆتۆمبێلەکان لە رێگەی ماڵپەڕەکەیەوە دەتوانێ یارمەتیت بدات، بەم جۆرە:
 
- سەردانی ماڵپەڕی (vehicleprivacyreport.com) دەکەی.
 
- لەو خانەیەی لە بەردەمتە، ژمارەی (VIN)ـی ئۆتۆمبێەلەکەت، واتە ژمارەی شاسی دەنووسی کە لە 17 ژمارە پێکدێ و دەکەوێتە پشت سوکانی هەموو ئۆتۆمبێلێک و لە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکەتەوە دیارە.
 
- ئینجا ماڵپەڕەکە بە زمانی ئینگلیزی، پوختەیەک لە سیاسەتی پاراستنی زانیارییەکانی کۆمپانیای دروستکەری ئۆتۆمبێلەکەت پیشان دەدات، پێت دەڵێت چ جۆرە زانیارییەک دەگاتە دەست کۆمپانیاکانی بیمە و دڵنیایی یان تەنانەت حکومەتیش.
 
بەشێوەیەکی ئاسایی، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی نوێ دەکڕی، رێبەرێکی لەگەڵە (manual) کە لە شێوەی کتێبێکدایە و ورد و درشتی زانیارییەکانی ئۆتۆمبێلەکە لەخۆ دەگرێ.
 
شارەزایان دەڵێن، هەرچەندە بەشێک لە کۆکردنەوەی داتاکان بەشێکی دانەبڕاوی سیستمەکەن، بەڵام دەتوانی بە گەڕانەوە بۆ رێبەری ئۆتۆمبێلەکەت، رەزامەندییەکە رابگری. ئەمە چۆن؟
 
بۆ نموونە، کۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی دەڵێت، شۆفێران لە رێگەی ئاپی تۆیۆتاوە دەتوانن رەزامەندیی سەرەکیی داتا (Masterdata) رەتبکەنەوە. 
 
فۆرد دەڵێت، خاوەنەکان دەتوانن لە رێگەی مینیوی رێکخستنەکانی داشبۆرد (Dashboard settings) یان ئاپی فۆردپاس (FordPass)ـەوە بەشکردنی داتای ئۆتۆمبێل رابگرن.
 
بی ئێم دەبلیو دەڵێت، شۆفێر لە رێگەی سیستمی (iDrive)ـی نێو ئۆتۆمبێلەکەوە رێکخستنی داتاکان بگۆڕێت.
 
شۆفێرانی ڤۆڵکسواگن لە رێگەی ئاپی (myVW) ئەو کارە دەکەن، بەم جۆرە: دەچنە بەشی هەژمار (Account) ئینجا بەشی بەڕێوەبردنی ئۆتۆمبێل (Vehicle Management) ئینجا (Subscriptions) و بژاردەی رەتکردنەوە (Cancel) دادەگرن.
 
کاتێک ئۆتۆمبێلەکەت دەفرۆشی چی دەکەی؟
 
شارەزایان دەڵێن، هەرکات ئۆتۆمبێلت فرۆشت، پێویستە (factory reset) بکەیت بۆ سڕینەوەی هەموو داتاکانت.  
 
ریسێتکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت واتە چی؟
 
واتا ئەو مۆبایلانەی بە بلوتووس بە ئۆتۆمبێلەکەت بەستوونەتەوە، دەسڕێنەوە. ئەگەر جی پی ئێس و نەخشەی سەر شاشەی ئۆتۆمبێلت بەکارهێنابێت بۆ چوونە شوێنێک، هەموو زانیارییەکان دەسڕێنەوە. هەر ناونیشانێکت لەسەر نەخشە هەڵگرتبێت، بۆ نموونە ناونیشانی ماڵ و کارەکەت، دەسڕێنەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە، سیستمی ئۆتۆمبێلەکەت فۆرمات کردبێت. 
 
چۆن ئۆتۆمبێلەکەت فۆرمات دەکەیتەوە؟
 
هەر براندێک و هەر مۆدێلێک جیاوازە، باشترین شت ئەوەیە بگەڕێیتەوە سەر کتێبی رێبەری ئۆتۆمبێەلەکەت یانیش لە یوتیووب گەڕانی بۆ بکەیت، بەڵام بە گشتی هەنگاوەکان بەم جۆرەن:
 
لەسەر شاشە پەنجە بنێ بە (Settings) ئینجا (System/General) و پاشان (Factory Reset) یان (Restore Defaults).
 
بۆ نموونە لە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا بەم جۆرەیە: پەنجە بنێ بە (Menu) ئینجا (Settings) ئینجا (General) و پاشان (Factory Reset).
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.