رووداو دیجیتاڵ
ئاڵای سووریا جارێکی دیکە لەسەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە لەندەن هەڵکرایەوە، کە یەکەمجارە لەدوای داخستنی لە ساڵی 2011ـەوە باڵیۆزخانەکە بکرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، کە بە سەردانێک لە بەریتانیایە، لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە لە ناوەندی لەندەن، سەرپەرشتیی رێوڕەسمەکەی کرد.
باڵیۆزخانەکە 14 ساڵ بوو داخرابوو، دوای ئەوەی بەریتانیا لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریادا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ دیمەشق پچڕاند.
شەیبانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئەو ساتەی وەک هێمای قۆناخێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی ناوبرد و رایگەیاند، کردنەوەی باڵیۆزخانەکە "دوای ساڵانێک دێت لە گۆشەگیری کە لەلایەن رژێمی کیمیایی ئەسەدەوە سەپێندرابوو."
شەیبانی هەروەها گوتی: "سووریا بە شوناسە ئازادەکەیەوە دەگەڕێتەوە نێو جیهان."
حکومەتی بەریتانیا تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی رێوڕەسمەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان نەداوە.
هەڵکردنی ئاڵاکە نوێترین هەنگاوی بەرچاوی سووریایە لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان، دوای ساڵانێک لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ