رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەند گفتوگۆیەکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و بە روونی رایگەیاندووە، دەبێت حکومەتی عێراق هەنگاوی هەبێت و "ئێمەش پێشبینی ئەوە دەکەین". هەروەها رایگەیاند، "ئەگەر عێراق هەنگاو نەنێت، ئێمە بێ دوودڵی بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندەکانمان وەڵاممان دەبێت."
رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هێزەکانیان بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق، ئەم هێرشانە رانەگرن، ئەوان بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندەکانیان بەبێ دوودڵی وەڵامیان بۆ ئەو هێرشانە دەبێت. ئەو دەشڵێت، دوایین هێرشی ئەو گرووپانە بۆ سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان بووە لە بەغدا.
میللەر لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، رایگەیاند، "لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، وەزیری دەرەوە ژمارەیەک گفتوگۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە. ئێمە پێشبینیی دەکەین کە حکومەتی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت و لەو خاڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق زۆر روون بووین."
هەر ئەمڕۆ (چوارشەممە) ماتیۆ میللەر گوتی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کردووە لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەنتۆنی بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا دەستخۆشی لە سوودانی کردووە لە بەرامبەر سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە و ناوهێنانیان وەک "کاری تیرۆریستی،" هەروەها دەستخۆشی لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و بەسزاگەیاندنی ئەوانەی ئەو هێرشانەیان کردووە.
ئەمە جاری دووەمە لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەگەڵ سوودانی لەبارەی هێرشەکانەوە قسە دەکەن، رۆژی شەممە 9ی 12 لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سوودانی راگەیاند، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و نوجەبا دوو رێکخراوی ''تیرۆریستین'' و بەرپرسن لەو هێرشانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەنە ئامانج، ئەمریکاش مافی تەواوی هەیە بۆ ئەوە وەڵامێکی تووندی ئەو گرووپانە بداتەوە.
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 77 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج، لەبەرامبەر ئەو هێرشانە، ئەمریکاش لە رۆژئاوا و نێوەڕاستی عێراق پێگەی ئەو گرووپانەی بۆردوومانکرد و بووە هۆی کوژرانی 15 چەکدار کە ئەمریکا بە ئەنجامدەری هێرشەکانیان دەزانێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن و ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
رووداو: سوپاس ماتیو، دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە حکومەتەکەیان هەفتانە پەیامیان لە واشنتنەوە پێدەگات، بەڵام گوتیشی، ئەم پەیامانە هیچ پەیوەندیان بە ئێرانەوە نییە، ئەو گرووپانەش بۆیە لە عێراق و سووریا هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەوان بەرگری لە خەڵکی غەزە دەکەن، پێتوایە کە حکومەتی ئێران دەیانەوێت ئەو پەیامانەی ئێوە بەلاڕێداببەن و بەجیدی وەریاننەگرتووە، هەروەها هیچ خواستێکیشیان نییە بۆ جڵەوکردنی گرووپەکانیان لە عێراق و سووریا تاوەکو هێرشنەکەنە سەر هێزەکانی ئێوە؟
ماتیۆ میللەر: من، دەڵێم کە وەزیری دەرەوە چەند گفتوگۆیەکی هەبووە، یەکێک لەوان چاوپێکەوتنێکی رووبەڕوو بوو لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی و لەسەر دوو خاڵ زۆر روون بوو. یەکەم: ئێمە پێشبینی دەکەین کە حکومەتی عێراق لە دژی ئەو گرووپانە هەنگاو بنێت کە چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا کە نوێترینیان هێرش بوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، ئەگەر حکومەت هیچ کردەوەیەکی نەبێت. ئێمە بێ دوو دڵی ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن جێبەجێیان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە سەرباز و کارمەندانمان لە عێراق.
رووداو: دوێنێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان وەزیر بلینکن و سەرۆکوەوەزیران سوودانی هەبووە، هەروەها لە راگەیێندراوەکەتاندا ئاماژەتان بەوەداوە، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەداوە ئەو گرووپانە بە پشتیوانی ئێران ئەم هێرشانە دەکەن، باشە، ئێوە ئاگاداری ئەوەن ئەو گرووپانەی ناوتان بردوون، ئەوانەی لە راگەیێندراوی خۆتان و وەزارەتی بەرگری، بەشێکن لە حەشدی شەعبی، ئەو گرووپانەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشتیوانی دارایی دەکرێن، ئەم ساڵ 2.7 ملیار دۆلاریان لەلایەن بوجەی عێراقەوە بۆ دابینکراوە، داواتان لە حکومەتی عێراق کردووە هاوکارییە داراییەکانی ئەو گرووپانە ببڕێت؟
ماتیۆ میلەر: دووبارە من باسی گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکانمان ناکەم، جگە لەوەی کە ئێمە بە روونی رامانگەیاندووە، کە پێشبینی دەکەین عێراق چەند هەنگاوێکی کردەیی بنێت بۆ راگرتنی ئەو گرووپانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ