رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە هێرشێکی سەر بەندەری چۆرنۆمۆرسکی شاری ئۆدێسای ئۆکراینا، کەشتیی کۆمپانیایەکی تورکی زیانی بەرکەوتووە.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا کە نیوەشەوی رابردوو 12ـی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە: "ئەو هێرشەی کرایە سەر بەندەری چۆرنۆمۆرسکی ئۆکراینا، زیانی بە کەشتییەکی بیانی گەیاند کە خاوەنەکەی کۆمپانیایەکی تورکییە. نیگەرانیمان دووپات دەکەینەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی تەشەنەکردنی جەنگی بەردەوام لە ناوچەکەمان بۆ دەریای رەش و سەلامەتیی دەریاوانی و ئازادیی هاتووچۆ."
وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، "کارمەندانی نێو کەشتییەکە و شۆفێرانی بارهەڵگرەکان گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامت. هیچ هاووڵاتییەکمان زیانی بەرنەکەوتووە. کۆنسووڵخانەی گشتیمان لە ئۆدێسا لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و پشتگیریی پێویست پێشکێشی هاووڵاتییانمان دەکات."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوەش کردووەتەوە، "بەم بۆنەیەوە، جارێکی دیکە جەخت لە گرنگیی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکەینەوە و پێویستیی رێککەوتنێک بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندن لە دەریای رەش و راگرتنی هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزە و بەندەرەکانی هەردوولا بیردەهێنینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ