رووداو دیجیتاڵ
قەتەر روونکردنەوە لەبارەی جێهێشتنی بنکەی ئاسمانیی عودەید لەلایەن بەشێک لە کارمەندانی سەربازیی ئەمریکاوە دەدات و رایدەگەیێنێت، ئەو هەنگاوە پەیوەندی بەو گرژییانەوە هەیە، کە لە ناوچەکەدا دروست بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-01-2026، نووسینگەی راگەیاندنی نێودەوڵەتیی قەتەر لەبارەی هەواڵی چۆڵکردنی بەشێک لە بنکەی ئاسمانیی عودەید راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هەنگاوانەی نراون لە سایەی ئەو گرژییانەدان کە روویان لە ناوچەکە کردووە.
نووسینگەکە جەختی کردووەتەوە: "قەتەر سەرجەم رێوشوێنە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ گەرەنتییکردنی ئاسایش و سەلامەتیی هاووڵاتییان و ئەو بیانییانەی لەسەر خاکی وڵاتەکەن." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، وەک کارێکی لەپێشینە، رێکاری پێویستیان بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگ و سەربازییەکان گرتووەتەبەر.
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە کە داوا لە بەشێک لە کارمەندان و سەربازانی بنکەی عودەید کراوە بنکەکە جێبهێڵن.
بنکەی ئاسمانیی عودەید، بنکەیەکی سەربازیی سوپای ئەمریکایە لە قەتەر و لە ساڵی 1996 بەگوێرەی رێککەوتنێک لەنێوان واشنتن و دەوحە بنیاتنراوە.
زیادبوونی جموجووڵە سەربازییەکان لەکاتێکدایە، رۆژی 13ی کانوونی دووەم، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیەڵ) پەیامێکی ئاراستەی "نیشتمانپەروەرانی ئێران" کرد و داوای لێکردن دەست بەسەر دامەزراوەکانی وڵاتدا بگرن. ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیبووی: "یارمەتی لە رێگەیە" و دروشمی "با ئێران مەزن بکەینەوە (MIGA)"ـی بەکارهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ