رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، رێوشوێنی پێویست بۆ سنووردارکردنی راستڕۆکان دەگرێتەبەر. ئەوە لەکاتێکدایە، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا کە بە پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە، بووەتە پارتێکی بەهێزی ئەو وڵاتە ئەوروپییە.
رۆژی سێشەممە، 13ـی شوباتی 2024، نانسی فێیزەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "دەمانەوێت رێگە لە توندڕەوە راستڕۆکان بگرین، بێبەشیان بکەین لە داهاتیان و چەکەکانیان لێوەربگرینەوە؛ دەمانەوێت هەموو رێگەیەکی دەستووری بەکاربهێنین بۆ ئەوەی بەرگری لە دیموکراسییەکەمان بکەین".
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی بەرپرسانی دەزگای هەوڵگریی ئەڵمانیا و دەزگای پۆلیسی تاوانکاری فیدراڵیی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، بە یاسایەک چاودێری هەموو ئەو پارەیە دەکرێت کە گرووپە راستڕۆکان بەدەستی دەهێنن و گوتیشی، لە راستڕۆ تووندڕەوەکان قەدەخە دەکرێت ببن بە خاوەنی چەک.
سەرەتای کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیای دژە کۆچبەر کۆبوونەوەیەکی کرد و تێیدا تاوتوێی پلانێک کرا کە تایبەت بوو بە دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەر و پەناخواز لە ئەڵمانیا لە ئەگەری چوونە سەر دەسەڵات لە هەر هەرێمێک.
ئەو کۆبوونەوەیە ناڕەزایەتی زۆری لەنێوخۆی ئەڵمانیا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لێکەوتەوە و چەندین خۆپێشاندان دژی پلانەکە بەڕێوەچوون.
دوای ئەوەش، ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "بەڕوونی و راشکاوانە دەڵێم، راستڕۆکان هێرش دەکەنە سەر دیموکراسییەتمان؛ دەیانەوێت پێکەوەبوونمان لەنێوبەرن؛ لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا ئەو توندڕۆیانە گەنگەشەی ئەوەیان کردووە ملیۆنان خەڵک لە وڵاتی ئێمە دەردەکەن. ملیۆنان کەس بە پێشینەی کۆچبەری لە ئەڵمانیادا دەژین و ئێمە پێیان دەڵێین ئەڵمانیا وڵاتی ئێوەشە."
بە گوێرەی داتای فەرمی، پەناخوازان و پەنابەران 18٪ـی 83 ملیۆن دانیشتوانەکەی ئەڵمانیا پێکدەهێنن؛ ئەوەش بەلای راستڕۆکانەوە رێژەیەکی زۆرە. پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە 11 ساڵی تەمەنیدا لە سفر کورسی لە هەڵبژاردنی 2017ـەوە بۆ 94 کورسی لە 2021 بەرزبووەتەوە و چاوی لە زیادکردنی کورسییەکانییەتی لە هەڵبژاردنی 2025.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ