رووداو دیجیتاڵ
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە 4ـی ئەم مانگەوە هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، واشنتن نایەوێت چی دیکە لە عێراق و سووریا هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی.
رۆژی سێشەممە، 13ـی شوباتی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا- پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا، کە لەبارەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رێکیخستبوو ئەمەی گوت.
سابرینا سینگ گوتیشی، "نامانەوێت ببینین کە هیچ هێرشێکی دیکە لە عێراق، سووریا و ئوردن بکرێتە سەر هێزەکانمان؛ هێزەکانمان لەوێن بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ئەرکەکەیان بدەن کە شکستپێهێنانی هەمیشەیی رێکخراوی داعشە".
لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران بە پاساوی هاوسۆزی لەگەڵ حەماس هێرشی زۆری مووشەکی و درۆنییان کردووە.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە 17ـی تشرینی یەکەمی پارەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 170 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق، سووریا و ئوردن.
لە وەڵامیشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین جار گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لە باشووری کوردستان، عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە.
بەگوێرەی پێنتاگۆن، بەهۆی هێرشەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەوە 186 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون کە 130یان مێشکیان ئازاریان پێگەیشتووە، ئەوەش بەهۆی دەنگی گەورەی ئەو هێرشە مووشەکیانەی ئاراستەی بنکەکانیان کراوە.
ئەوە جگە لەوەی سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشە درۆنییەکەی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی رابردووی سەر بنکەی تاوەر22ی باکووری ئوردن کوژران.
ئەمریکا دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و رۆڵیان راوێژکارییە و لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش لانیکەم 900 سەربازی هەیە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و چەند هێزێکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ