رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا تووندکردنی خاڵەکانی پشکنینی سنوورەکانی وڵاتەکەی بۆ رێگەگرتن لە کۆچی نایاسایی و پاراستنی ئاسایشی یارییەکانی یۆرۆی 2024 راگەیاند.
رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، نانسی فێیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، "پاییزی رابردوو خاڵەکانی پشکنینی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیامان دژی کۆچبەرە نایاساییەکان تووندتر کرد؛ لەو کاتەوە کۆچی نایاسایی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە".
نانسی فێیزەر لە پراگی پایتەختی کۆماری چیک ئەو قسانەی کرد و گوتی، "پێم وایە دەبێت خاڵەکانی پشکنین تووندتر و فراوانتر بکرین".
کۆتاییەکانی ئەیلوولی 2023، ئەڵمانیا خاڵەکانی پشکنینی لەگەڵ سنوورەکانی پۆڵاند و کۆماری چیک تووندکرد. پاشان، ئەڵمانیا و سلۆڤاکیا رێککەوتن لەسەر باشترکردنی کۆنترۆڵکردنی ناسنامە بۆ ئەوەی رێگە لەو کۆچبەران بگرن لە سربیا و هەنگاریاوە دەڕۆیشتن.
فێیزەر گوتیشی، "دوای شەش مانگ [لە بڕیارەکەی ئەیلوول] دەبێت پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بە خاڵە پشکنینەکان بکەین بۆ ئەوەی بزانین چ رێکارێک کاری کردووە و چ شتێکیش پێویستە".
لەبارەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی یۆرۆی 2024 بۆ هەڵبژاردە ئەوروپییەکانی تۆپی پێ کە ئەم ساڵ لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە گوتی "وەک یاسا، وڵاتانی میواندار دەبێت پارێزگاری لەخۆیان بکەن؛ بۆیە ئێمە لە سنوورەکانمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان خاڵەکان تووند دەکەین".
یارییەکانی یۆرۆی 2024 کە چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێن لە مانگەکانی شەش و حەوتی ئەم ساڵ لە 10 شاری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن و 24 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن. ئەمە 17ـەم وەشانی پاڵەوانییەکەیە کە لەلایەن یوفا EUFA (یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا)ـەوە رێکدەخرێت. دوایین جار لە 2020 پاڵەوانێتییەکە بەڕێوەچوو و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە لێدانی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی ئینگڵتەرای بردەوە و جامەکەی بەرزکردەوە.
نانسی فێیزەر هەروەها گوتی، "ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە شەڕی تاوانی قێزەونی قاچاخچییەتی".
وەزیرە ئەڵمانییەکە زیاتر قسەکەی روونکردەوە و گوتی، "یەک کۆچبەر لە هەر چوار کۆچبەر لەلایەن رێکخراوە قاچاخچییەکانەوە دێنە ئەڵمانیا. ئێمە دەبێت رووبەڕووی قاچاخچییەتی ببینەوە، چونکە ئەمە زۆر گرنگە؛ بۆیە خاڵی پشکنینی تووندمان پێویستە."
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا و زیاتر لە 160 کەسیش لە رێگەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
لە ئەڵمانیا زیاتر لە 15 ملیۆن پەنابەر و پەناخواز دەژین و لە ساڵی 2013ـەوە ساڵانە یەک ملیۆن کۆچبەر روو لەو وڵاتە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ