رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەڵێت، وڵاتەکەی بەشدار دەبێت لە هاوپەیمانێتیی لاتڤیا بۆ پێدانی درۆنی پێشکەوتوو بە ئۆکراینا لە دژی رووسیا.
رۆژی چوارشەممە، 14-02-2024، کاسیا ئۆڵۆنگرێن، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، "ئێمە دەزانین کە لەم شەڕەدا درۆن زۆر گرنگە، بۆیە بەشداریی لە هاوپەیمانێتیی درۆن دەکەین کە لاتڤیا و چەند وڵاتێکی دیکەی تێدایە بۆ ئەوەی بە نوێترین تەکنەلۆژیا درۆن بەرهەمبهێنین و پێداویستییەکانی ئۆکراینا دابین بکەین."
هۆڵەندا جگە لە درۆن؛ بە نیازە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف16، گولـلەتۆپ، تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بداتە کیێڤ.
خانمە وەزیرە هۆڵەندییەکە لە نووسینگەکەی خۆی لە شاری لاهای هەروەها گوتی: "ئێمە ئەم هاوپەیمانێتییە دادەمەزرێنین و وەڵامی پێداویستییەکانی ئۆکراینا دەدەینەوە. شەڕ لە بەرەکانی ئۆکراینا تا دێت گەورە دەبێت."
میخایلۆ فۆدۆرۆڤ، وەزیری دیجیتاڵیی ئۆکراینا رایگەیاند: "ئۆکراینا دەیەوێت هەزاران درۆنی دوورمەودا بەرهەمبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت هێرشی دوور و قووڵ بکاتە سەر رووسیا لە 2024، ئێستا 10 کۆمپانیا کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن."
تائێستا دوو هاوپەیمانێتی بۆ دابینکردنی درۆن بۆ ئۆکراینا دامەزراون. هاوپەیمانێتییەک کە ئەمریکا سەرپەرشتیی دەکات و فەرەنساش ئەندامە، بەڵام تائێستا هیچ وڵاتێکی دیکە بە فەرمی راینەگەیاندووە کە بەشداریی ئەو هاوپەیمانێتییە دەکات.
هاوپەیمانێتییەکی دیکە کە لاتڤیا سەرپەرشتیی دەکات و هۆڵەندا بە فەرمی بەشداریی تێدا دەکات. بەگوێرەی سەرچاوەیەک، 18 وڵاتی دیکە بەنیازن بەشداری تێدا بکەن، بەڵام هێشتا بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
دوێنێ (سێشەممە) سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی سەرقاڵی پێشخستنی توانای هێزە ئاسمانییەکانیانن، تاوەکو بتوانن، گەرەنتیی پاراستنی سەلامەتیی ئاسمانی ئۆکراینا بکەن و گوتیشی: "ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانمان بۆ ئەم ساڵ".
لەسەرەتای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، رووسیا بۆ سەر هێرشە ئاسمانییەکانی پشتی بە درۆنی ئێرانی بەستووە، بەمەش زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی ئۆکراینا گەیاندووە.
سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، 2.5 ملیار دۆلاریان بۆ پێشخستنی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی درۆن ئۆکراینا، 2.5 ملیار دۆلاریان تەرخانکردووە.
رۆژی 20ی کانوونی یەکەمی 2023، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی پلانی ئەم ساڵی بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی ئۆکراینی رایگەیاند، وڵاتەکەی لە پلانیدایە ساڵی داهاتوو ملیۆنێک درۆن دروست بکات، گوتیشی: "درۆن بووەتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لەو جەنگەدا."
هەرچەندە، ئێران چەندجارێک تۆمەتەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دابینکردنی درۆن بۆ رووسیا، رەتکردووەتەوە، بەڵام لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، ئوسترالیا و نیوزیلاند، بە جیا سزای جۆراوجۆریان بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ