رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەیەوێت رووسیا بگەڕێنێتەوە نێو کۆمەڵەی حەوت پیشەسازییە پەرەسەندووەکە کە بە G7 دەناسرێت.
دوای لکاندنی هەرێمی کریمیا بە خاکەکەیەوە، رووسیا لە ساڵی 2014 لە کۆمەڵەکە دوورخرایەوە.
رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی، دوای راگەیاندنی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر چەند وڵاتێکی یار و نەیاری ئەمریکادا، ترەمپ گوتی: "پێموایە ئەوە کارێکی هەڵەبوو" کە رووسیا لە کۆمەڵەکە دوورخرایەوە.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدان، کە ئیدارەکەی لە هەوڵی وەستاندنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینایە و سەرۆکی ئەمریکاش بەم دواییانە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ پووتین کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، ڤیلادمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی، "ئاشتیی دەوێت."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئۆکراینا لە دانوستاندنەکاندا لەگەڵ رووسیا بەشدار دەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد، دەیەوێت "دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە" کۆبوونەوەی لووتکە لەگەڵ پووتین و شی جینپینگی سەرۆکی چیندا ببەستێت. گوتیشی، چیدیکە پێویست بە بەرهەمهێنانی زیاتری چەکی ئەتۆمی ناکات و دەیەوێت لەگەڵ هەردوو سەرۆک باس لە سنووردارکردنی خەرجییە سەربازییەکان بکات، چونکە ئەو پارەیە "دەکرێت لە شتی زۆر بەرهەمدارتر خەرجبکرێت."
هاوکات رۆژی پێنجشەممە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چاوەڕێدەکەن لەگەڵ کیێڤ بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو چەکەی ئەمریکا پێیداوە، ئۆکراینا کانزا دەگمەنەکانی بداتە واشنتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ