رووداو دیجیتاڵ
لە پاریس میوانداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە سووریا کرا و سەرکردەکانی 20 وڵاتی جیهان، یەکێتیی ئەورووپا، کۆمکاری عەرەبی، ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە کۆنفرانسەکە ئامادە بوون. تێیدا باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم سووریای نوێ کرا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسەکە باسی لەوە کرد، "پێموایە یەکەم ئاڵنگاری بۆ ئێمە و ئێوەش ئاساییشە. خۆتان گوتتان سووریاییەکان تامەزرۆی ئاشتی و ئاسایشن دوای ساڵانێک لە تووندوتیژی. هەروەها، پێویستە سەروەری سووریا بپارێزرێت، بەو هۆیەوە داوای ئاگربەست لە تەواوی سووریا دەکەم، بە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆنفرانسەکە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساوە بڵاوکرایەوە، بەشداربووان جەختیان لەوە کردووەتەوە نابێت دەستوەردان لە کاروباری سووریا بکرێت و نابێت سووریاش ببێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پێویستە حکومەتی راگوزەر پلانێکی ورد و دیاریکراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێک لەسەر ئەو بنەمایە دابنێت.
هەرچەندە هیچ نوێنەرێکی کورد بەشداری لە کۆنفرانسەکە نەکرد، بەڵام باسی رۆڵی کوردەکان لە داهاتووی سووریا کرا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماژەی بەوەدا، "لەبارەی ئاسایشەوە، دەمەوێت دووپاتیبکەمەوە کە وەفامان هەیە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هاوپەیمانێکی بەنرخ بوون لە جەنگی دژی تیرۆر. ئێمە وەفادارین بەرامبەر هاوپەیمانەکانمان، چونکە دەزانین چۆن قەرزاریانین. هێزەکانی سووریای دیموکرات ئازایانە هاوشانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جەنگان. ئێستا کاتی ئەوەیە کە نەک تەنیا لەبیریان نەکەین، بەڵکو بەرگریش لە بەرژەوەندییەکانیان دەکەین."
لە راگەیێندراوی کۆنفرانسەکەدا هاتووە، پێویستە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بە بەشداری هەموو لایەنەکانی وڵاتەکە بکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە هیچ نوێنەرێکی کورد لە لیژنەی رێکخستنی دیالۆگەکەدا نییە و درووزەکانیش رەتیانکردووەتەوە بەشداری بکەن.
ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باسی لەوە کرد، "رێککەوتین لەسەر بەیاننامەیەک کە لەلایەن 20 وڵات، چوار رێکخراوی نێودەوڵەتی، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیاری ئەورووپا بۆ دەریای نێوەڕاست، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداوەوە پاڵپشتیبکرێت. یەکەمجارە بەیاننامەیەک بەو شێوەیە پاڵپشتیبکرێت، ئەمەش رەنگدانەوەی باوەڕی هاوبەشەکانی سووریایە کە شکست بژاردە نییە و سەرکەوتنی سووریا لە بەرژەوەندیی هەموواندایە."
دوای رووخانی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی رابردوو، حکومەتێکی کاتی لە سووریا پێکهات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بەڕێوەچوونی دیالۆگی نیشتمانی دیارینەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ