رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەتی چین بۆ ئاسانکاری، گەشتیاران رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە، لە نەزانینی زمانی ئینگلیزییەوە تا کێشەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت.
تۆمی و هاوڕێ فەرەنسییەکەی لە پارکێکی پەکین دڵخۆشن. پشووەکانی سەری ساڵی چینی وایکردووە ئەم شارە 22 ملیۆن کەسییە چۆڵتر دەرکەوێت و دەرفەتی پیاسەیان زیاتر بێت.
تۆمی نیلی، گەشتیاری فەرەنسی دەڵێت: "بینینی رەنگە جیاوازەکان زۆر خۆشە. ئەو هەموو رەنگە سوور و زەردانەی سەری ساڵ زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشن. زۆر سەرسوڕهێنەر بوو کە هەفتەی رابردوو کەسم لە شەقامەکاندا نەبینی. ئەوە کەمێک سەیر بوو کە پەکین ببینم بەبێ ئەوەی هیچ کەسی لێ بێت، بەڵام زۆر خۆشە."
شاری قەدەخەکراو و پەرستگەی بەهەشت وێستگەی سەرەکی گەشتی گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانین لە پەکین.
کالی فێرال، گەشتیاری ئەمریکی دەڵێت: "چین زۆر جوانە و زۆر دڵخۆشم کە لێرەم. خواردنەکانیان بەڕاستی خۆشە. بەڵێ، ڤیزام وەرگرتووە. پلانەکەم: دەچینە پەرستگای بەهەشت و شاری قەدەغەکراو و دیواری گەورەی چین، خواردنێکی زۆر دەخۆین و دەچین بۆ گۆڕەپانی تیانمان."
کرونال گوکا، گەشتیاری ئەمریکی دەڵێت: "تا ئێستا زۆر باش بووە. بیانی زۆر لێرە نابینم، وەک ئەوەی بەزۆری لە ئەمریکا دەیبینین. لەوێ کلتووری زۆر جیاواز دەبینیت. لێرە هەست دەکەم کەمێک ون بووین، بەڵام راستگۆیانە بڵێم ئێرە زۆر خۆشە. هەمووان زۆر دۆستانەن و زۆر نایابە."
سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەتی چین بۆ هاندانی گەشتیاریی بیانی و پێدانی مافی مانەوە بەبێ ڤیزا بە گەشتیارانی 38 وڵات، هێشتاش گەشتیارانی بیانی لە هەندێک یاسا و رێکاری چین نیگەرانن.
رۆمانیس فۆرمۆس، گەشتیاری یۆنانی دەڵێت: "ئەگەر راستگۆ بم شارێکی زۆر سەختە بەهۆی حکومەتەوە. پارەدان ئەوەندە ئاسان نییە چونکە زۆر ئینگلیزی نازانن، بەڵام زۆر جوانە. وڵاتەکە 100٪ شایەنی سەردانی کردنەوەیە."
ماکسیم گۆسێنۆڤ، گەشتیاری فەرەنسی دەڵێت: "ناتوانم لە هەموو شوێنێک بە کارت پارە بدەم و ناتوانم پارە بگۆڕمەوە. ئۆتێڵگرتن هەندێ ئاڵۆزە. نەخشەی گووگڵ لێرە کارناکات کە ئەمەش زیاتر ئاڵۆزی کردووە. بەڵام ئێرە جوانە، سەوزاییەکەی جیاوازە لە باشوور. پەکین زۆر ساردە. زۆر حەزم لە بیناسازی و کولتووری پەکینە."
یانیس کۆرزیس، گەشتیاری یۆنانی دەڵێت: "گرنگترین کێشە ئەوەیە کە ئەوان بە ئینگلیزی نازانن و زەحمەتە وەک گەشتیار هاوکاریمان بکەن. کاتێک پیاسە دەکەیت، پارەدان ئەستەمە و دەبێت ئەپەکان دابەزێنیت. هەروەها دەبێت VPN-ت هەبێت ئەگەر بتەوێت سۆشیال میدیا بەکاربهێنیت."
ژمارەی گەشتیارانی بیانی لە 3.5 ملیۆن گەشتیار لە پشووی سەری ساڵی رابردووەوە بۆ چوار ملیۆن گەشتیار لەم ساڵدا بەرزبووەتەوە. لە بەرامبەردا، تەنیا لە پشووەکانی ئەم ساڵ 14 ملیۆن و 360 هەزار چینی چوونەتە دەرەوەی وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ