رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە بەشداریی سیاسەتڤان، نوێنەرانی مافەکانی مرۆڤ و رزگاربووی جینۆساید، وێبینارێک سەبارەت بە "جینۆسایدی هەڵەبجە" سازدەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی ئاداری 2023، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا وێبینارێکی ڤێرچواڵ بەبۆنەی یادی کیمیابارانی هەڵەبجە سازبکات و هەریەکە لە عەبدوڵلا مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و ژمارەیەک سیناتۆر و بەرپرسی ئەمریکا تێیدا بەشدار دەبن.
وێبینارە ئۆنلاینەکە، لەژێر ناونیشانی "دادپەروەری و لێپرسینەوە بۆ جینۆساید، 20 ساڵ لەدوای ئازادکردنی عێراق" کاژێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی ئەمریکا (05:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر) دەستپێدەکات و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی وێبینارەکەیە.
رۆژی 16ـی ئادار 35ـەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدی ساڵی 1988ـی هەڵەبجە دەکرێتەوە؛ ئەو رۆژەی دەسەڵاتی بەعس هەڵەبجەی کیمیاباران کرد و بەهۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار منداڵ، ژن و پیاو گیانیان لەدەستدا و دوو هێندەی دیکەش بەر کاریگەریی دوورمەودای گازی خەردەل و سارین کەوتن.
بەشداربووانی وێبینارەکە بریتین لە: عەبدوڵلا مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان؛ کریس ڤان هۆڵێن، سیناتۆری ئەمریکا لە مەریلاند؛ جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئێران و دیپلۆماسیی گشتی؛ بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا؛ سەلوان سنجاری، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن؛ گاڤریێل مەیرۆن، پارێزەری نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ؛ مایکڵ نیوتن، پرۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی ڤاندەربیڵت و زمناکۆ ئەحمەد، رزگاربووی جینۆسایدی هەڵەبجە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ