وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: مۆڵەتی کڕینی کارەبای ئێرانمان بۆ عێراق درێژکردەوە

14-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاشکرایکرد، ئەمریکا جارێکی دیکە عێراقی لە پابەندبوون بە سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئێران بەخشیوە و رێگە بە بەغدا دەدات کارەبا لە تاران بکڕێت.
 
ئەمریکا چەند جارێکی مۆڵەتەکەی بۆ ماوەی 120 رۆژ درێژکردووەتەوە و بۆ ئەوەی یارمەتیی عێراق بدات لە دەستکەوتنی کارەبای پێویست. 
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، مۆڵەتەکە، کە کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی دێت، بۆ جاری 21ـەکەم درێژکراوەتەوە. 
 
میلەر گوتی: "جەخت لەوە دەکەمەوە.. کە ئەم جۆرە لێخۆشبوونانە پێشتر بە گەڕانەوە بۆ ساڵی 2018 لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا بۆ عێراق دەرکراوە. ئەمە 21ـەم جارە ئەم لێخۆشبوونە دەردەکرێت." 
 
میلەر ئاماژەی بەوەدا، ئەو پارەیەی ئێران لە فرۆشتنی کارەبا بە عێراق دەستیدەکەوێت، رێگەی پێنادرێت بچێتە ناو ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارانە لە "هەژماری سنوورداردا هەڵگیراون و تەنیا دەتوانرێت بۆ مامەڵەی کڕینی خۆراک، دەرمان، ئامێری پزیشکی، بەرهەمی کشتوکاڵی بەکاربهێنرێت و مامەڵەکانی تر کە سزا نەدراون." 
 
میلەر روونیشیکردەوە: "ئەوە بەشێکە لە ئامانجی فراوانترمان کە پشتبەستنی عێراق بە ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا نەهێڵین، چونکە ئامانجی ئەم لێخۆشبوونانە ئەمەیە." 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، "لە 2020ـەوە عێراق بەرەپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە وزە. عێراق لە ماوەی دەیەی رابردوو گرنگیی وزەی ئێرانی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە. عێراق لە ماوەی دە ساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبای خۆی دوو هێندە کردووە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەوان و پشتگیریی کردنیان بۆ ئەوەی پشت بە وزەی خۆیان ببەستن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و ماتیو میلەر: 
 
رووداو: زۆر سوپاس، چەند پرسیارێک لەسەر عێراق، لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ عێراق لە چەند هەفتەی داهاتوو بەسەردەچێت، من زانیومە ئەم ئیدارەیە لێخۆشبوونەکەی بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، هەروەها عێراق بە یۆرۆ پارەکە دەدات بە ئێران نەک بە دیناری عێراقی، پرسیارەکەم ئەوەیە، ئەو لێخۆشبوونەتان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، هەروەها بۆچی رێگە بە عێراق دەدەن پارەی ئێران بە یۆرۆر بدات؟ 
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پێش هەموو شتێک، سەبارەت بەوەی بە کام جۆری دراو پارەکە دراوە، نازانم و هیچ زانیارییەکم نییە بەکام جۆر دراو پارەکە دراوە، سەبارەت بە خودی لێخۆشبوونەکەش، بەڵێ، ئێمە ئەو لێخۆشبوونەمان دەرکردووە. من جەخت لەوە دەکەمەوە و تۆش پێشتر گوێت لێمبوو کە ئەم جۆرە لێخۆشبوونانە پێشتر بۆ عێراق دەرکراوە ئەگەر بچینەوە ساڵی 2018. لە ئیدارەی سەرۆکی پێشوو، ئەمە 21ـەم جارە ئەم لێخۆشبوونە دەردەکرێت. سەرەتا، گرنگە بزانرێت ئەم پارەیە چۆن بەکارهاتووە، هیچ پارەیەک بۆ ئێران لەژێر ئەم لێخۆشبوونە دانەنراوە.  هەموو ئەم پارەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی تووندن و دەتوانرێت ئەم پارەیە تەنیا بۆ کڕینی خواردن، دەرمان، کەلوپەلی پزیشکی، بەرهەمی کشتوکاڵی و ئەو شتانەی سزای ئەمریکایان لەسەر نییە بەکاربهێنرێت. ئەمەش بەشێکە لە ئامانجە بەرفراوانەکەمان بۆ ئەوەی عێراق رابگرین لە پشتبەستن بە ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا، چونکە ئەمە ئامانجی لێخۆشبوونەکەیە. لە 2020ـەوە عێراق بەرەپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە وزە. عێراق لە ماوەی دەیەی رابردوو گرنگیی وزەی ئێرانی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە. عێراق لە ماوەی دە ساڵدا بەرهەمهێنانی کارەبای خۆی دوو هێندە کردووە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەوان و پشتگیریی کردنیان بۆ ئەوەی پشت بە وزەی خۆیان ببەستن.
 
رووداو: هەروەها ئەم هەفتەیە، چوار ئەندامی کۆنگرێس لەسەر ئەم پرسە نامەیەکیان بۆ ئێلیزابێس ئاڵن و ئەنتۆنی بلینکن ناردووە، باس لە سروشتی ئەو ئاڵوگۆڕەی دراوە دەکەن و باسیان لەوەکردووە کە ئەم ئاڵوگۆڕەی دراوە دەکرێت دەستکاری بکرێت، ئەگەر ئەمە راست بێت، پێتان وانییە ئێوە بەردەوامن لە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ حکومەتی ئێران و ئێرانیش بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپانەی ئێوە خستووتانەتە نێو لیستی تیرۆرەوە؟
 
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: نا بەهیچ جۆرێک، پێشتریش قسەمان لەسەر ئەوە کردووە. ئەمە نەک تەنیا هەڵسەنگاندنی ئێمە نییە، بەڵکو پارەکە بەم جۆرە بەکارناهێندرێت، ئەوەی ئێمە لە دەستەبەرکردنی ئەم لێخۆشبوونە بینیومانە لە رابردوو وا نەبووە. ئەمە تەنیا بڕیارێک نییە لەلایەن ئەم وەزیرەی ئێستا درابێت، ئەم بڕیارە لەلایەن وەزیری پێشووەوە دراوە کە سەرۆکی پێشوو دیاریکردووە لە ئیدارەی پێشوو. ئەوەی ئێمە بینیومانە و جار جار پشتڕاستکراوەتەوە ئەوەیە کە ئێران بەردەوام دەبێت لە پارەدارکردنی تیرۆر. ئێران بەردەوام دەبێت لە پارەدارکردنی چالاکییەکانی ناسەقامگیرکردن. ئەم پارەیە یارمەتیی خەڵکی ئێران دەدات چونکە پارەکە تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی و ئەو مەبەستانە بەکاردێت کە سزایان لەسەر نییە. بە مانایەکی دیکە، ئەمە پارەیەکی زیادکراوە کە بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییە رەواکانی گەلی ئێران خەرجناکرێت و لە دژی مەبەستە ناڕەواکان و چالاکییە ناڕەواکانی حکومەتی ئێرانە. تۆ ئەم ئیدارەیەت بینیوە کە وەڵامی هەبووە، ئێمە هەر لە سەرەتای ئەم ئیدارەیەوە سزامان خستووەتە سەر زیاتر لە 500 دامەزراوەی ئێرانی. ئێمە ئێرانمان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی کردووەتەوە بەهۆی ئەوەی پشتگیریی لە تیرۆریزم کردووە و لە ناوچەکە گرووپە بە وەکالەتەکانی پارەدار کردووە و بەردەوامیش دەبین لەوە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.