رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فینلاند هۆشداری دەدات لەوەی تەنگەی هورمز لە دۆخی ئێستا وەک "چەکێکی ئەتۆمی" کاریگەریی هەیە و رایگەیاند، لێکەوتەکانی جەنگەکە لەوە فراوانترن کە جیهان چاوەڕێی دەکرد. دەشڵێت، ئەورووپا لە هەوڵی دۆزینەوەی دەرچەیەکدایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، ئەلێکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلاند لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن و رایگەیاند، "تەنگەی هورمز لە بنەڕەتدا بووەتە چەکی ئەتۆمیی واقیعی و وەک کارتێکی گوشار بەکاردێت، کە کاریگەریی نەک تەنیا لەسەر نرخەکانی وزە، بەڵکو لەسەر کەرتی پەین، خۆراک و بازرگانیی جیهانیش هەیە."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی فینلاند لە کاتێکدان لە 28ی شوباتی رابردووەوە و دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران وەک وەڵامێک تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتیوانیدا داخستووە. ستەب گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بە "خنکێنەر" ناودەبات، بەڵام پرسیاری ئەوە دەکات ئایا واشنتن لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ چین رووبەڕووی ململانێ دەبێتەوە یان نا.
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، سەرۆکی فینلاند گوتی، "بەردەوامبوونی گفتوگۆکان هێمایەکی ئەرێنییە بۆ هەبوونی ئارەزووی دیالۆگ، بەڵام رێگەکە درێژە. رێککەوتنی ئەتۆمیی پێشوو دوو ساڵی خایاند، بۆیە پێشبینی هێوربوونەوەیەکی خێرا ناکەم."
ئەلێکساندەر ستەب پێیوایە ئەمە "جەنگی هەڵبژێردراو" بوو و جیاوازی لە ئامانجی هاوپەیمانەکاندا دەبینێت؛ ئەو دەڵێت ئامانجی ئەمریکا تێکشکاندنی توانای مووشەکی و ئەتۆمیی ئێرانە، بەڵام ئامانجە ستراتیژییەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جیاوازن و "بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ بوو هەوڵیان بۆ دەدا."
سەرۆکی فینلاند نیگەرانی خۆی نەشاردەوە و گوتی، "بەداخەوە راستییەکە ئەوەیە کە ئێستا ئێران ژمارەیەک کارتی زۆری لەدەستدایە."
لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی ئەورووپا، ستەب گوتی، بڕیارە رۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوپەیمانییەکی ئەورووپی، کە نزیکەی 40 وڵات لەسەر ئاستی سەرۆک دەوڵەت و حکومەتەکان لەخۆدەگرێت، بەڕێوەبچێت. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی دەرچەیەکە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و هێشتنەوەی تەنگەی هورمز بە کراوەیی، بەشێوەیەک کە رێز لە ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ