تاوانی سایبەری لە ئەڵمانیا 28٪ زیادیکردووە و 'زۆربەی تاوانباران بیانین'

14-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەڵمانیا رایدەگەیێنن، لە ساڵی 2023ـدا تاوانی سایبەری لە ئەڵمانیا 20٪ زیادیکردووە، زۆربەی ئەو تاوانانەش لەلایەن کەسانی بیانییەوە کراون. 
 
دووشەممە 13ـی ئایاری 2024، نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا راپۆرتێکی لەبارەی تاوانی سایبەری لە ئەڵمانیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند "ئاستی هەڕەشەی هێرشی سایبەری هەر بە بەرزی ماوەتەوە." 
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەشڵێت، زۆربەی ئەو تاوانە سایبەرییانەی لە ساڵی 2023 لە ئەڵمانیا کراون، لەلایەن رووس و چینییەکانەوە بووە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی دیجیتاڵی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، لە دوو ساڵی رابردوودا، ئەو هێرشە سایبەرییانەی لەلایەن رووسەکانەوە کراون، دووهێندە زیادیان کردووە. ئەوانەی لەلایەن چینییەکانیشەوە لە ئەڵمانیا کراون، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو 50٪ زیادیان کردووە.
 
بەگوێرەی ئەو داتایانەی حکومەتی ئەڵمانیا بڵاویکردوونەتەوە، 80٪ـی ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییانەی هێرشی سایبەرییان کراوەتە سەر، "داتاکانیان دزراون، سیخوڕییان بەسەردا کراون یان داتاکانیان تێکدراوە." 
 
لەبارەی ئەو زیانانەی هێرشە سایبەرییەکان بە کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیان گەیاندووە، کۆمەڵەی پیشەسازی دیجیتاڵییەکانی ئەڵمانیا زیانەکانی بە 159 ملیار دۆلاری ساڵانە خەملاندووە.
 
بێرناردن رۆلدەر، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازییە دیجیتاڵییەکانی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، زۆربەی هێرشە سایبەرییەکان لەلایەن گرووپە تاوانکارییەکان یاخود دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکانەوە دەکرێن.
 
رۆلدەر دەڵێت "بەشێک لەوانەی هێرشی سایبەری دەکەن بەدوای پارەوەن و بەشێکی دیکەشیان تەنیا دەیانەوێت زیان بە ژێرخانە گرنگەکانی وەکو وزە، گواستنەوە و تەندروستی بگەیێنن و بەشێکیشیان ئەوانەی کە لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە دەکرێن، تەنیا بۆ خۆشی هێرشەکە دەکەن."
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، حکومەتی ئەڵمانیا رووسیای بە ئەنجامدانی هێرشی سایبەری دژی کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی تایبەت بە بەرگریی و ئاسمانەوانی تۆمەتبار کرد.
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیاش هێرشەکانی بە "هەڕەشەی گەورە" ناوبرد و گوتی "ئێمە بە رژێمی رووسیا ناترسێندرێین؛ بەردەوام دەبین لەوەی هەموو شتێک بۆ پاراستنی دیموکراسییەکەمان لەدەست کردارە سایبەرییەکانی رووسیا بکەین. بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە