رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لەسەر گۆڕینی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزای شنگن رێککەوتن. بەگوێرەی رێککەتنەکە، وەرگرتنی ڤیزای شنگن بە تەواوەتی بە دیجیتاڵی دەکرێت و لەمەودوا ئەوانەی سەردانی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، ستیکەر لەسەر پاسپۆرتەکانیان نادرێت.
رۆژی سێشەممە 13ی حوزەیرانی 2023، کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا لە پێگەی فەرمیی کۆمیسیۆنەکە رایگەیاند، ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر بەدیجیتاڵیکردنی ڤیزای شنگن رێککەوتوون، بەڵام تائێستا بە فەرمی نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی رێکارە نوێیەکە، لەمەودوا خوازیارانی ڤیزای شنگن پێویست ناکات سەردانی کۆنسوڵخانەکان و نێوەندەکانی وەرگرتنی ڤیزای شنگن بکەن و دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین ڤیزاکە بەدەستبهێنن.
ماتیاش نێمیج، ئەندام پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە تویتێکدا لەبارەی رێکارە نوێییەکە دەڵێت، "رێکارە نوێیەکە، وەرگرتنی ڤیزای شنگن بۆ خوازیارانی ڤیزاکە، ئاسانتر، هەرزانتر و خێراتر دەکات."
ماریا مالمێر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی سوێد، کە ئێستا سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، گوتی، "ئەو گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاسایشی ناوچەی شنگن بەهێزتر ببێت."
یەکێتیی ئەوروپا لە 27 وڵاتی ئەوروپی پێکدێت و بەگوێرەی یاسای یەکێتییەکە هەر کەسێک ڤیزای یەکێک لەم وڵاتە ئەوروپییانە وەربگرێت، دەتوانێت سەردانی هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتییەکە بکات؛ هاووڵاتییانی زیاتر لە 60 وڵاتی جیهان، دەتوانن بەبێ وەرگرتنی ڤیزا سەردانی وڵاتانی یەکێتییەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ