رووداو دیجیتاڵ
چین لەسەر ئاستی باڵا و لە کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران "بە تووندی" سەرکۆنە کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هەموو "کردەوە سەربازییە مەترسیدارەکان" رابگرێت.
فو کۆنگ، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەیجینگ پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر "سەروەری، ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی ئێران" سەرکۆنە دەکات.
باڵیۆزی چین هەروەها نیگەرانیی قووڵی وڵاتەکەشی دەربڕی لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دۆخەکە لەسەر دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و رایگەیاند، چین "دژی فراوانبوونی گرژییەکانە."
فو کۆنگ جەختیکردەوە، دەبێت رێز لە مافی ئێران بۆ "بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی" بگیرێت، وەک وڵاتێکی ئەندام لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
ئەم هەڵوێستەی چین جیاوازییەکی روونی هەیە لەگەڵ هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، کە لە کاتێکدا داوای دانبەخۆداگرتن دەکەن، هاوکات جەخت لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی دەکەنەوە.
چین وەک هاوبەشێکی سەرەکیی تاران دادەنرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و ژێرخاندا. بەیجینگ هەمیشە هەوڵیداوە رۆڵی ناوبژیوان ببینێت و دژی فراوانبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا. لە مانگی ئاداردا، چین میوانداریی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیای کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئەتۆمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ