رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیانێکی گەورەیان بە بەشە سەرەکییەکانی بەشێکی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران گەیاندووە و چەندین بەرپرسی باڵای ئەتۆمی و سەربازیی وڵاتەکەی کوشتووە، بەڵام بەشی زۆری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وەک خۆی ماوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینی کە کرایە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتانز، ناوەندەکانی سەر زەوی بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و سیستمەکانی کارەبای وێرانکرد، بەڵام ئیسرائیل خۆی لە ئامانجگرتنی کۆگای سەرەکیی یۆرانیۆمی ئێران پاراست کە دەکەوێتە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، ئەمەش پرسیاری لەبارەی ستراتیژی ئیسرائیل دروستکرد.
بەگوێرەی رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA)، پشکنەران بەم دواییە سەردانی دامەزراوەی ئەسفەهانیان کردووە و بۆیان روون بوەتەوە کە کۆگای یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە بەشی دروستکردنی لانیکەم 9 بۆمبی ئەتۆمی یۆرانیۆمی تێدایە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل توانای پێشکەوتووی چەکی ئێرانی وەک پاساوێک بۆ هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی هێنایەوە و گوتی: "ئێران بەشی پێویست یۆرانیۆمی زۆر پیتێندراوی بۆ 9 بۆمبی ئەتۆمی بەرهەمهێناوە؛ ئەگەر رانەگیرێت، دەتوانێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چەکی ئەتۆمی دروست بکات."
نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات، وێستگەی ئەتۆمی ئیسفەهان تاوەکو رادەیەکی زۆر پارێزراوە، هەرچەندە بەرپرسانی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لە زنجیرەی دووەمی هێرشە ئاسمانییەکاندا هێرشیان کردووەتە سەر تاقیگەکانی ئەو دامەزراوەیە، بەڵام کۆگای سووتەمەنییەکە وەک خۆی ماوە.
جۆن وۆڵفساڵ، ئەندامی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکی بە نیویۆرک تایمزی گوت: "ئەوەی ئیسرائیل دامەزراوەیەکی دیاری بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی لە ئیسفەهان بۆردوومان نەکردووە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نەتەنیاهوو نیگەرانە لەوەی بۆردوومانەکە ببێتە هۆی رووداوێکی رادیۆلۆژی یان پێی وایە ئەو هەنگاوە وا لە ئێران دەکات بە شێوەیەکی خۆویستانە دەستبەرداری یەدەگی یۆرانیۆمەکەی بێت."
نیویۆرک تایمز دەڵێت، بنکەی ئەتۆمی فوردوو کە لە قووڵایی زەویدایە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی قووم، هێشتا وەک خۆی ماوە و تەنانەت بەرگەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەگرێت و هێشتاش ئەمریکا بەوە رازی نەبووە چەکی وەها بداتە ئیسرائیل کە بتوانێ ئەو بنکە ئەتۆمییەی پێ بکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ