چاوپۆشیکردن لە گێچەڵکردن بە کچێک ئیتاڵییەکان تووڕە دەکات

14-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئیتاڵییەکان لە چاوپۆشیکردن لە گێچەڵی سێکسیی کارگوزاری قوتابخانەیەک بۆ سەر کچە خوێندکارێکی تەمەن 17 ساڵان، ناڕازین. 

کارگوزارەکە تۆمەتبار بوو بەوەی دەستی لە شوێنێکی هەستیاری کچەکە داوە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەوەی کە "تەنیا چەند چرکەیەکی" خایاندووە، دادگە هیچ بڕیارێکی دژی پیاوەکە نەدا. 
 
ئیتاڵییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە دژی بڕیارەکە و دەڵێن، ماوەکە نابێتە بیانوو بۆ چاوپۆشیکردن لە گێچەڵ بە کچێک کە لە ژێر تەمەنی یاساییەوەیە. رووداوەکە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی شاری رۆمای پایتەختی ئەو وڵاتە بووە. 
 
لە بەڵگەنامەکانی دادگەدا هاتووە کە کچەکە دەڵێت، کاتێک لەگەڵ هاوڕێیەکی بە قادرمەکاندا سەرکەوتووە و سەرقاڵی چاککردنی تراکسووتەکەی بووە، کارگوزارەکە لە پشتەوە بۆی چووە و دەستی بردووە بۆ نێو جلی ژێرەوەی، پاشان بە راکێشانی جلی ژێرەوە، کچەکەی بەرزکردووەتەوە. 
 
کارگوزارەکە دانی بەوەدا ناوە کە لە نیسانی ساڵی 2022 دەستی بۆ کچەکە بردووە، بەڵام بە گوتەی خۆی، ئەو کارەی بە گاڵتە کردووە. 
 
دادگەیەکی شاری رۆما لە رۆژانی رابردوودا بڕیاریدا کە ئەو دەستلێدانە "تەنیا چەند چرکەیەکی خایاندووە" و گێچەڵی سێکسی نەبووە.
 
دادگە هەروەها گوتی، لەبەر ئەوەی دەستلێدانەکە زۆر کورت بووە، بانگەشەی کارگوزارەکە راستە بەوەی کە گاڵتەی کردووە، وێڕای ئەوەی کە کارێکی نەگونجاوی کردووە. 
 
ئەندریا بویتۆنی، پارێزەری کچەکە دەڵێت، تێهەڵچوونەوە بۆ بڕیارەکە دەکرێت. 
 
یاسای ئیتاڵیا رێگە بە داواکاری گشتی و پارێزەران دەدات تانە لە بڕیاری بەریکردن بدەن. 
 
پاولۆ کامیلی، ئەکتەری بەناوبانگی ئیتاڵی، وەک ناڕەزاییەک، ئەم هەفتەیە ڤیدیۆییەکی لە تیکتۆک بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دەست بە سنگی خۆیدا دەهێنێت لە کاتێکدا کاتژمێرێک لە 10 بۆ سفر دەژمێرێت.
ئەو دەڵێت: "نازانم ئەگەر ئەمە گێچەڵ نەبێت، چییە؟"
 
دۆسیەکە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی ژنانیشەوە رەخنەی لێ گیراوە. کریستینا ئێرکۆل، ئەندامی رێکخراوی  Differenza Donne دەڵێت، "سەرکۆنەی ئەم بڕیارە و چۆنیەتی پێوانەکردنی سەرپێچییەکە دەکەین. ئازاردان قبووڵناکەین، تەنانەت ئەگەر بۆ یەک چرکەش بێت."

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.