بافڵ تاڵەبانی: خەڵک کۆچ ناکات ئەگەر سەلامەتتر بن و سەقامگیریی دارایی و جەستەییان هەبێت

14-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای بەریتانی، سەبارەت بە کۆچی نایاسایی هاووڵاتییانی عێراق بۆ بەریتانیا، باس لەوە دەکات، پێویستە شانشینی یەکگرتوو هاوکاریی عێراق بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ریشەییانەی دەبنە هۆی کۆچبەربوون، لەوانەش خراپیی دۆخی ئەمنی و دارایی. 

بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، عێراق سێیەم وڵاتە کە زۆرترین هاووڵاتییانی بە نایاسایی لێیەوە کۆچ دەکەن بۆ شانشینی یەکگرتوو، بە جۆرێک کە تەنیا ساڵی رابردوو، 12 هەزار و 766 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی بەریتانیا. 
 
بافڵ تاڵەبانی پێیوایە: "چارەسەرەکەی ئەوەیە کە لە سەرچاوەوە بوەستێنرێت،" دەشڵێت خەڵک کۆچ ناکات ئەگەر سەلامەتتر بن و سەقامگیریی دارایی و جەستەییان هەبێت،" بۆیە پێیوایە بەریتانیا دەتوانێت زیاتر هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆچی نایاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوەش لە رێگەی وەبەرهێنان لە "پڕۆژەی سوودبەخشی جۆراوجۆر" لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. 
 
نۆکەندی ئینگلیز لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا یەکێکە لە رێرەوە ئاوییە مەترسیدارەکان کە کۆچبەران وێڕای شەپۆلە بەرزەکانی دەریا دەیگرنەبەر بۆ ئەوەی خۆیان بگەیێننە بەریتانیا. یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی ئەم دەیەیە، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2021 بوو کاتێک کە بەلەمێکی چووپی کۆچبەران نقوومبوو و لە ئەنجامدا 27 کەس گیانیان لەدەستدا، کە لانیکەم 16یان خەڵکی باشووری کوردستان بوون. 
 
بافڵ تاڵەبانی کە هاوکات خاوەن وەڵاتینامەی بەریتانییە، دەڵێت: "پێموایە دەرفەتێکی باش بۆ بەریتانیا هەیە، ئەگەر ئێستا سەیری بکەیت، لە دوای برێکزتەوە، دەرفەتێکی زۆر گەورە لەپێش بەریتانیایە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی گەورەی ژێرخاندا بکات و تادوایی. من بەریتانیا هاندەدەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و کوردستان بەهێز بکات، بەو هیوایەی کە لەوێ پڕۆژەی سوودبەخشی جۆراوجۆری هەبێت."
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە بە سەردانێک لە بەریتانیایە، لە هەڤەپیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی LBCی لەندەن، هۆکاری کۆچکردنی هاونیشتمانییانی کوردستان و خەڵکی عێراق بۆ بەریتانیا، گەڕاندەوە بۆ دۆخی دارایی و ئەمنی و گوتیشی: "عێراق چەندین ساڵ دواکەوتووە لەو ئاستەی کە دەبووایە پێی بگات،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەتی نوێی عێراق بیرۆکەی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە،" و محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "پلانی راستەقینەی هەیە بۆ بونیادنانی عێراق و دامەزراوەکانی." 
 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، "پێموایە سەقامگیریی دارایی لە عێراق وا لە خەڵک دەکات کە کەمتر بیانەوێت بە هەر نرخێک بێت گەشت بکەن بۆ شانشینی یەکگرتوو."  
 
بەگوێرەی وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا، ساڵی رابردوو، 45,755 کۆچبەر بە نایاسایی لە رێگەی مەترسیداری نۆکەندی ئینگلیزەوە بە بەلەمی بچووک چوونەتە بەریتانیا. 
 
دەقی بەشێکی هەڤپەیڤینەکەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ رادیۆی LBC:
 
LBC: کاتێک تۆ قسە لەگەڵ خەڵکی بەریتانیا دەکەی و پێتدەگوترێت عێراقییەکان سێیەم زۆرترین نەتەوەن کە لە نۆکەندی ئینگلیز دەپەڕنەوە بۆ ئەوەی بێنە ئێرە، پێتوایە بۆچی شتەکە بەو شێوەیەیە؟ بۆچی عێراقییەکان دێنە ئێرە؟
 
بافڵ تاڵەبانی: راستییەکە ئەوەیە کە عێراق چەندین ساڵ دواکەوتووە لەو ئاستەی کە دەبووایە پێی بگات. بەریتانیا دەزانێت کە هاوپەیمانان خوێنێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بکەن و هەوڵبدەن عێراق بکەنە وڵاتێکی خۆشگوزەرانی دیموکراسی، بەڵام من هەستدەکەم کە ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەرەو پێشببردرێت. پێموایە حکومەتی نوێی عێراق بیرۆکەی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە، دەبینم بەڕێز سوودانی پلانی راستەقینەی هەیە بۆ بونیادنانی عێراق و دامەزراوەکانی. پێموایە سەقامگیریی دارایی لە عێراق وا لە خەڵک دەکات کە کەمتر بیانەوێت بە هەر نرخێک بێت گەشت بکەن بۆ شانشینی یەکگرتوو.
 
LBC: واتە سەقامگیریی زیاتر، ئاسایشی زیاتر و هەلی کاری زیاتر، چارەسەرە بۆ ئەوەی خەڵک کۆچنەکەن بۆ بەریتانیا؟
 
بافڵ تاڵەبانی: سەبارەت بە عێراق، بەڵێ بێگومان، بە دیاریکراویش هەلی کاری زیاتر.
 
LBC: بۆ ئەوەی ئەم شتە ببێت، داوا لە بەریتانیا دەکەن چی بکات؟
 
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە دەرفەتێکی باش بۆ بەریتانیا هەیە، ئەگەر ئێستا سەیری بکەیت، لە دوای برێکزتەوە، دەرفەتێکی زۆر گەورە لە پێش بەریتانیایە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی گەورەی ژێرخاندا بکات و تادوایی. من بەریتانیا هاندەدەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و کوردستان بەهێزبکات، بەو هیوایەی کە لەوێ پڕۆژەی سوودبەخشی جۆراوجۆری هەبێت. 
 
LBC: ئێمە باسی عێراق و کوردستانمان کرد. بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێمان لێ دەگرن، دەتوانی بە کورتی باسی ناوچەکەی خۆتان بکەن لە عێراق، واتە کوردستان و هەموو ئەو سەرچاوە سرووشتییانە و لەگەڵ ئەو شارە گەورەیانەی کە هەتانن؟
 
بافڵ تاڵەبانی: لە باکوووری عێراق، هەرێمی کوردستان هەیە، کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆیە و حکومەتی خۆجێی تایبەت بەخۆی هەیە. ئێمە لە بواری کانزا زۆر دەوڵەمەندین کە دەستی لێنەدراوە. ئێمە لە بواری نەوتدا دەوڵەمەندین، هەروەها زۆر زۆر لە بواری گازدا دەوڵەمەندین، بەڵام هەروەها لە بواری مرۆییشدا دەوڵەمەندین. پێموایە زیاتر لە 60 یان 70٪ی دانیشتووان تەمەنیان لە خوار 40 ساڵیدایە. هەموویان ئاستی پەروەردەیی باشیان هەیە، بە چەندین زمان قسە دەکەن، واتە سەرچاوەیەکی مرۆیی گەورەش هەیە کە دەستی لێ نەدراوە.
 
LBC: چۆن دەڕوانیتە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ کۆچی خەڵک بە بەلەمی بچووک بەنێو نۆکەندی ئینگلیزیدا؟
 
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە سیاسەتی بەریتانیا، حکومەتی بەریتانیا و خەڵکی بەریتانیا لێی بەرپرسن. من وەک لەندەنییەک، دان بەوەدا دەنێم کە پێویستە ئێمە زیاتر هاوکاربین لە پرسی کۆچدا.
 
LBC: واتە ئەو ئامۆژگارییەی کە تۆ دەتەوێ بیدەی ئەوەیە کە یارمەتیی ئەو شوێنانە بدرێت کە خەڵک لێیەوە دێن لە بری ئەوەی تەنیا سەرنج بخرێتە سەر سنوورەکان؟
 
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە زیاتر لە هەر وڵاتێک زانیاری لەسەر کۆچی نایاسایی دابیندەکەین، بەڵام کاریگەرییان نەبووە. وەکو خۆت زۆر بە وردی ئاماژەت پێکرد، ئێمە سێیەم زۆرترین نەتەوەین [کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا دەکەین]، چارەسەرەکەی ئەوەیە لە سەرچاوەوە بوەستێنرێت. خەڵک کۆچ ناکات ئەگەر سەلامەتتر بن و سەقامگیریی دارایی و جەستەییان هەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە