رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، گفتوگۆکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگی 21 مانگەی غەززە بەردەوامن و هیواخوازە هەفتەی داهاتوو پێشکەوتن بەدیبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە لە واشنتن باسی هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە کرد و بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لە گفتوگۆداین، هیوادارین بتوانین هەفتەی داهاتوو ئەم بابەتە چارەسەر بکەین."
ئەمریکا گوشار لە ئیسرائیل و حەماس دەکات بە پێشنیازی ئاگربەستە 60 رۆژییەکەی رازی بن، بەڵام دانوستاندنەکان لە دەوحەی قەتەر پێشڤەچوونی کەمیان هەبوو، تەنانەت ئێستاش راوەستاون.
بەگوێرەی پێشنیازەکەی ئەمریکا، ئاگربەست لە غەززە لە چەند قۆناخێک دەبێت و سەرەتاکەی بریتی دەبێت لە راگرتنی شەڕ بەرامبەر ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندوو لەگەڵ رادەستکردنی 10 تەرمی بارمتەی کوژراو.
قۆناخی دوای ئەوە بریتی دەبێت لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە کەرتی غەززە، لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە جەنگەکە و راگەیاندنی ئاگربەستی درێژخایەن.
هەفتەی رابردوو بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لەبارەی پرسی غەززە دووجار لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە و دواتر بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیدا جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتە زیندووەکان و گەڕاندنەوەی بارمتە مردووەکان کردووەتەوە، لەگەڵ لەنێوبردنی توانا سەربازییەکانی بزووتنەوەی حەماس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ