رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ماساچوسێتس بۆ تەکنەلۆژیا - MIT هۆشداری دەدات لەوەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی وەک ChatGPT، دەتوانێت زیان بە توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی خوێندکاران بگەیێنێت. مامۆستایانیش دەڵێن، بەرهەمی نووسینی خوێندکارەکانیان "بێ رۆح" بووە، قووڵی و داهێنانی جارانی تێدا نەماوە.
جۆسلین لایتزینگەر، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئیلینۆی لە شیکاگۆ، تێبینیی کردووە ئەو خوێندکارانەی پشتیان بە ChatGPT بەستووە بۆ نووسینی بابەتەکانیان، بەتایبەتی لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئەزموونی کەسی یان کێشە ئەخلاقییەکان، نووسینەکانیان بێ داهێنانە.
ئەم تێبینییە ئێستا لە رێگەی توێژینەوەیەکی زانستییەوە پشتڕاست کراوەتەوە. ناتالیا کۆسمینا، زانای بواری دەمارزانی لە MIT، لەگەڵ تیمەکەیدا کاریگەرییەکانی ChatGPTیان لەسەر پرۆسەی فێربوون تاوتوێ کردووە و توێژینەوەیان لەسەر کردووە.
توێژینەوەکەیان دەریخستووە ئەو خوێندکارانەی بۆ نووسینی ئەرکەکانیان ژیریی دەستکردیان بەکارهێناوە، نمرەی کەمتریان لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی رەخنەگرانەدا بەدەستهێناوە، بەراورد بەو خوێندکارانەی بەبێ هیچ یارمەتییەک کاریان کردووە.
توێژەران هەنگاوێکیان زیاتر ناوە و چالاکیی مێشکی خوێندکارەکانیشیان پشکنیوە. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، ئەو خوێندکارانەی پشتیان بە ChatGPT بەستووە، پەیوەندیی دەماریی کەمتریان لەو ناوچانەی مێشکیاندا هەبووە کە پەیوەستن بە بیرکردنەوەی قووڵ و شیکارکردنی کێشەکانەوە.
خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج لە هەڵسەنگاندنی داڕشتنەکاندا ئەوە بووە کە مامۆستایان، نووسینی ئەو خوێندکارانەیان کە پشتیان بە ژیریی دەستکرد بەستبوو، بە "بێ رۆح" وەسف کردووە. بە گوتەی ئەوان، داڕشتنەکان داهێنان، تێڕوانینی تایبەت و کەسایەتییان تێدا بەدی نەدەکرا.
لەگەڵ ئەمانەشدا، کۆسمینا کە سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەوەکە بووە، هۆشداری دەدات لە پەلەکردن لە ئەنجامی توێژینەوەکان و دەڵێت، "توێژینەوەکەی ئێمە هەندێک مەترسی دەخاتەڕوو، بەڵام پێویستمان بە توێژینەوەی زیاتر و فراوانترە بۆ ئەوەی لە وێنە گەورەکە تێبگەین."
هاوکات، ئاشلی جۆڤینێت، زانای دەمارناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیەدا بکرێت. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی نموونەی توێژینەوەکە سنووردار بووە و پێی وایە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بگوترێت ئامرازەکانی وەک ChatGPT مرۆڤەکان تەمبەڵ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ